لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان لە مووسڵ دەکات

 لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان لە مووسڵ دەکات
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشیوناڵ) داوا دەکات لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی لە مووسڵ روویان داوە.



رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا، کە رۆژی سێشەممە 11.7.2017 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، کە تاوانەکان لە مووسڵ دژی هاووڵاتییانەی مەدەنی لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هێزە عێراقییەکان بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیشەوە، ئەنجام دراون.



ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە هەروەها رایگەیاندووە، هەموو ئەو تاوانانەی دژی مرۆڤایەتی لە مووسڵ کراون، ”نابێ بەبێ سزا تێپەڕن“.



بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان بەرامبەر هاووڵاتییانی مەدەنی، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بە پێویستی دەزانێ لێژەیەکی سەربەخۆ دروست بکرێت، کە ئەرکی لێکۆڵینەوە بێ لە هەموو ئەو بەڵگانە بێ، کە بڕواپێکراون و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش بڵاو بکرێتەوە.



داعش لەکاتی داگیرکردنی مووسڵ، هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی کوشت و موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی داگیر کرد، هەروەها چەندین گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، کە تێیاندا دەردەکەوێ، چەکدارانی حەشدی شەعبی هاووڵاتییانی مووسڵ ئەشکەنجە دەدەن و دوور لە یاسا، دەیانکوژن.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.



باسنیوز
Top