عه‌بادى تا كۆتایی ته‌مه‌نى كابینه‌كه‌ى وه‌زیر بۆ وه‌زاره‌ته بێ وه‌زیره‌كان دیارى ناكات
په‌رله‌مانتارێكى نزیك له سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدڕاڵ، ئاشكراى ده‌كات، هه‌رچه‌ند ژماره‌یه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كان وه‌زیریان نییه، به‌ڵام كابینه‌كه‌ى حكوومه‌ت به‌م شێوه‌یه‌ى خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ى له سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوودا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ده‌كرێته‌وه.
په‌رله‌مانتار جاسم محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر، ئه‌ندامى ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسا، ڕای گه‌یاند :" وه‌زاره‌ته بێ وه‌زیره‌كانى وه‌كو وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى، دارایی، بازرگانى وه‌ك خۆیان به بێ وه‌زیر ده‌مێننه‌وه و به وه‌كاله‌ت تا پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت، به‌ڕێوه ده‌برێن".
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، كه‌سانێكى به وه‌كاله‌ت بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و وه‌زاره‌تانه داناوه ، گوتیشی:" دواى ئه‌وه‌ى لایه‌نى كوردى له‌و ماوه‌یه‌ی بۆى دانرابوو بۆ دیاریكردنى كاندیدێك بۆ وه‌زاره‌تى دارایی، كه‌سیان كاندید نه‌كرد، عه‌بادى بریكارى وه‌زیری پلاندانانى بۆ به‌ڕێوه‌بردنى وه‌زاره‌تى دارایی گواسته‌وه".
ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه ئه‌و ماوه‌یه‌ی له ته‌مه‌نى كابینه‌كه‌دا ماوه‌ته‌وه كورته و به‌شى ئه‌وه ناكات له په‌رله‌ماندا كاندید بۆ وه‌زاره‌ته‌كان هه‌ڵبژێردرێت.
له‌كابینه‌ى پێشووى حكوومه‌تدا، نوورى مالیكی چه‌ند وه‌زاره‌تێكى له‌سه‌ره‌تاى كابینه‌كه‌یه‌وه تا كۆتایی به وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌برد، كه له‌نێویاندا هه‌ردوو وه‌زاره‌تى به‌رگرى و ناوخۆ هه‌بوو.
bas news-
