نەتەوە یەکگرتووەکان: هێزە عێراقییەکان هاووڵاتییانی مووسڵ بەزۆرەملێ رادەگوێزن

 نەتەوە یەکگرتووەکان: هێزە عێراقییەکان هاووڵاتییانی مووسڵ بەزۆرەملێ رادەگوێزن
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، کە هێزە عێراقییەکان (سوپا، پۆلیس، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و دژەتیرۆری عێراقی)، هاووڵاتییانی مووسڵ بە زۆرەملێ رادەگوێزن.



لە راپۆرتێکدا، کە رۆژی 1.7.2017 رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە پارێزگای نەینەوا و دەوروبەری بڵاو کردووەتەوە هاتووە، داوا لە لایەنەکانی شەڕ لە ناوچەکە دەکات، کە ھەوڵ بدەن لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پارێزگاریی لە بنەماکانی مافی مرۆڤ بکەن و وردبن بۆ پاراستنیان.



رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ھەروەھا رایگەیاندووە، ھێزە عێراقییەکان ھەوڵدەدەن بە زۆرەملێ و بە تۆمەتی بوونی کەسێکیان لە ناو رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ھاووڵاتییانی پارێزگای نەینەوا رابگوێزن و پەیامی ھەڕەشە ئامێزیان بۆ دەنێرن، “زانیاریمان پێگەیشتووە، کە لە شەرگات لە سەڵاحەدین، ھیت لە ئەنبار و گەیارە لە نەینەوا، پەیامی ھەڕەشەی دەرچوون بۆ ماڵان نێردراوە”.



رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤلە راپۆرتەکەیدا مەترسیی ئەوەشی نیشان داوە، کە بە راگواستنی ئەو ھاووڵاتییانە بە زۆرەملێ، شوێنی ئارامی نیشتەجێبوونیان نامێنێ و گرنگترین پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیش لەدەست دەدەن.



ھەروەک لە راپۆرتەکەدا ھاتووە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکوومەت و ھێزە عێراقییەکان دەکات، تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان و ئەندامبوون لە داعش بە کۆمەڵ ئاراستەی ھاووڵاتییان نەکەن و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ گومانلێکراوان بکەن.









باسنیوز
Top