کەمپی تایبەت بۆ خـێزانی داعشەکانی مووسڵ دەکرێتەوە

 کەمپی تایبەت بۆ خـێزانی داعشەکانی مووسڵ دەکرێتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شاری مووسڵ رایدەگەیەنێت، کە ژمارەیەک کەمپ بۆ خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.

بەسمە محەمەد بەسیم، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای مووسڵ لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە ئەو خێزانانەی چەکدارانی داعش، کە خەڵکی مووسڵن و بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنەوەی مووسـڵ چوونەتە دەرەوەی شار، ”رێگا بە گەڕانەوەیان نادەین“.

بەسمە محەمەد بەسیم هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەو خێزان و منداڵانە لە کەمپەکانی دەرەوەی مووسڵ نیشتەجێ دەکرێن بە مەبەستی ”دووبارە راهێنانەوەیان بە تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە و پاکبوونەوەیان لە بیری داعش“.

سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.

رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.














باسنيوز
Top