عەبادى: نابینە لایەنگر لە ململانێکانى وڵاتانى کەنداودا

عەبادى: نابینە لایەنگر لە ململانێکانى وڵاتانى کەنداودا
سەرۆكوەزیرانی عێراق، رایگەیاند عێراق نابێتە لایەنێك لە ململانێ لە نێوان وڵاتان و جەختی كردەوە كە عێراق ناچێتە پاڵ هیچ یەک لە وڵاتانی کەنداو.

حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێش گەشتەکەى بەرەو سعوودیە وتی "لە چوارچێوەی گەشتێكدا و لە پێناو پتەوكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان سەردانی ژمارەیەك وڵاتانی دراوسێی هەرێمی دەكەین".
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە عێراق سەركەوتنی دژبە داعش بەدەست هێنا و ئێستایشدا عێراق دەیەوێت هەماهەنگ بێت لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

حەیدەر عەبادی جەختی كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك عێراق نابێتە بەشێك لە هەر ململانێیەكی نێوان وڵاتان و هەروەها خاكەكەشی نابێتە شوێنێك بۆ هێرشكردنی دوژمنكارانە بۆ سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ‌ و وتیشی "دوای شەڕی تیرۆر، عێراق دەیەوێت بەرگری لە ناوچە سنوورییەكانی بكات".

سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە دەیانەوێت لەسەر بنەمای رێزگرتنی سەروەری پەیوەندییەكی نوێ و باشیان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمییدا هەبێت و عێراق ناچێتە پاڵ هیچ وڵاتێك و دوور دەبێت لە سیاسەتی میحورەكان و شەڕی وێرانكاری.

ڕۆژى دووشەممە، حەیدەر عەبادی بە سەرۆكایەتی شاندێكی وەزاری حكومەتەكەی، گەشتێكی دەستپێكرد كە هەر یەك لە سعوودیە، كوێت و ئێران دەگرێتەوە و وابڕیارە سێ ڕۆژ بخایەنێت.
یەکەم ڕۆژ دەچێتە سعودیە و دواتر ئێران و ئینجا کوێت.





باسنيوز
Top