کۆمەڵگەی پزیشکی لە مووسڵ رزگار دەکرێتەوە

 کۆمەڵگەی پزیشکی لە مووسڵ رزگار دەکرێتەوە


کۆمەڵگەی پزیشکی لە بەری رۆژئاوا (راست)ی شاری مووسڵ بە تەواوی رزگار کرایەوە و ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش کوژران.



بەپێی زانیارییەکان، سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 18.6.2017، هێزە عێراقییەکان توانیویانە 19 چەکداری داعش لە ناوچەکە بکوژن، شەش ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و چوار ماتۆڕسکیلی بۆمبڕێژکراویش بتەقێننەوە.



پۆلیسی فیدڕالی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دوای هێرشێکی هێزە عێراقییەکان لە رۆژی یەکشەممە، کۆمەڵگەی پزیشکی و باڵەخانەی بانکی خوێن لە گەڕەکی شیفا و شەقامەکانی نەخۆشخانەی کۆماری لە مووسڵ بە تەواوی رزگار کراونەتەوە.



سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.



رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news-
Top