شەڕی حەشدی شەعبی و داعش لە سنووری سووریا و عێراق بەردەوامە

شەڕی حەشدی شەعبی و داعش لە سنووری سووریا و عێراق بەردەوامە



شەڕی حەشدی شەعبی و داعش لە سنووری سووریا و عێراق بە هاوكاری هێزە ئێرانییەكان بەردەوامە و ژمارەی ئەو گوندە سنووریانەی بە ھۆی ئەم شەڕەوە چۆڵ کراون، گەیشتووەتە ١٤ گوند.


بەپێی ئەو زانیاريیانەی لە سەرچاوەکانی خۆجێیی پارێزگای حەسەکەی باکووری سووریا وەرگیراون، شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان چەکدارانی حەشدی شەعبی و رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە بەری خاکی سووریا لە نزیک سنووری عێراق بەردەوامی ھەیە.


بەھۆی ئەو شەڕ و پێکدادانەوە کە ماوەی یەک ھەفتەیە دەستی پێکردووە، ژمارەی ئەو گوندانەی کە بەم ھۆیەوە لە ناوچەکەدا چۆڵ کراون، گەیشتووەتە ١٤ گوند.


لە ئەگەری بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکان، چاوەڕێی ئەوە دەکرێ کۆچی خەڵکی سڤیل لە شارەدێیەکانی ئەبو حەمدە و تەلشەعیری سەر بە پارێزگای حەسەکە دەستپێبکات.


ئەو کەسانەی کە شوێنەکانی خۆیان چۆڵ کردووە، بەرەو ناوچەی بەجارییەی ژێر کۆنترۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرێکەوتوون.


ھێزەکانی حەشدی شەعبی کە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شاری مووسڵ لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووە، مانگی رابردوو بەرەو ناوچەی سنووری نێوان سووریا و عێراق پێشڕەویان کردبوو. بەم پێیەش رێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمیان لەمبارەیەوە پێشێل کردبوو. لە پاڵ ئەمەش بەشێکی سەرۆک هۆزەکانی ناوچەی سنووریی عێراق رایانگەیاندبوو کە چەکدارانی حەشدی شەعبی چوونەتە نێو خاکی سووریا و چوار گوندیان کۆنترۆڵ کردووە.



bas news-
Top