مالیکی و چەند کەسایەتییەکی عێراق دەدرێنە دادگایەکی نێودەوڵەتی

 مالیکی و چەند کەسایەتییەکی عێراق دەدرێنە دادگایەکی نێودەوڵەتی
تیمێکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی کە ئێستا لە عێراقن و بەدوای مەلەفی گەندەڵی و ھۆکارەکانی کەوتنی مووسڵ و زیانگەیاندنی بەرپرسانی حکوومەتەوەن بە کەرتی گشتی، لەو چوارچێوەیەدا پەرلەمانتارێکی کورد لە عێراق ئاشکرای دەکا، مالیکی بە دیارنەمانی ١٢٠ ملیار دۆلار لە بودجەی گشتیی ٢٠١٤ی عێراق و کەوتنی مووسڵ بە زیاتر لە ٢٧ ملیار دۆلار تۆمەتبارە.



پەرلەمانتاری کورد، عادل نوری، وتەبێژی لیژنەی نەزاھەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ئێستا تیمێکی نێودەوڵەتی ھاتوونەتە عێراق، کە لە کەسانی ئەمەریکی و ئەورووپی پێکھاتوون، لە بەدواداچووندان بۆ ئەو مەلەفانەی کە بەرپرسانی عێراق گەندەڵیی گەورەیان تیادا کردووە، گوتی: “بەپێی زانیارییەکان، لەبەرئەوەی لە عێراق دادگایەکی بێلایەن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو کەیسانە نییە و ھەڕەشە لەسەر ئەو کەسانەیە کە بەڵگەکان دەخەنە ڕوو، ئەو تیمە دەیانەوێ کەیسەکان بۆ دادگایەکی نێودەوڵەتی بگوازنەوە”.



ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی کرد، کەیسی زۆر لە لیژنەی نەزاھەی عێراق ھەیە و ئامادەن بۆ دادگایی، بەڵام ئەو تیمە دەیانەوێ خۆیان کەیسەکان بەدەست بھێنن، گوتی: “ئەو گەندەڵییە گەورانەی کە لە عێراقدا کراون، مالیکی و کەسانی دیکە کردوویانن زۆرن و لە ئاستێکدان کە پێویستە کەسەکان بدرێنە دادگای نێودەوڵەتی، چونکە خۆیان لە عێراقدا باڵادەستن و لێپرسینەوە لێیان زەحمەتە”.



ئەوەشی خستە ڕوو، مالیکی بە تۆمەتی دیارنەبوونی خەرجییەکانی بودجەی ٢٠١٤ی عێراق و کەوتنی مووسڵ و زیانگەیاندن پێی بە بڕی نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلار بە سوپای عێراق لە بەجێھێشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی، تۆمەتبارە. گوتی: “ئەگەر بێت و دادگایەکی نێودەوڵەتی بڕیار بەسەر ئەو بەرپرسە عێراقییانەدا بدات، ئەگەر حکوومەتی عێراق توانای گرتن و رادەستکردنی ئەوانەی نەبێت، ئەوا ئینتەرپول دەتوانێ بەپێی قانوونەکە دەستگیریان بکات”.



لای خۆشیانەوە، بەشارەت ڕەزا، پسپۆر و شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی رای گەیاند، ھەر کردەوەیەک بە بەلەبەرچاوگرتنی یاسای نێودەوڵەتی بە تاوان دابنرێ دەتوانرێ دۆسیەکانیان لە دادگای نێودەوڵەتی یەکلا بکرێتەوە، گوتیشی: “جگە لەوەش دەتوانرێ بە یاسایەکی تایبەت ئەو کەسانە دادگایی بکرێن کە تاوانی نێودەوڵەتییان ئەنجام داوە، ھەروەکو ئەوەی سەرانی رژێمی پێشووی عێراقیان پێ دادگایی کرا، لەو روانگەوە کە تاوانەکانی ئەو کەسانە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و بەپێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و بە تاوان ھەژمار دەکرێن، ئەوە دەکرێ لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەو کەسانە سزای تاوانەکانیان وەربگرن”.



ئەو شارەزا یاساییە، زیاتر روونیشی کردەوە کە ئەو تاوانانەش شێوازی جیاوازی ھەیە لە پڕۆسەی دادگاییکردن و مەلەفەکان جیاوازن، گوتیشی: “مەلەفەکانی دیارنەبوونی پارە و کەوتنی مووسڵ و بەھەدەردانی سامانی گشتی و رێککەوتنی چەک و دیارنەبوونی چەک و پارە، ئەوانە لە یەکتری جیاوازن، بۆ نموونە ئەوەی کەوتنی مووسڵ رێگەخۆشکردنە بۆ تیرۆر، تیرۆر خۆیشی تاوانێکی نێودەوڵەتییە، کە بەھۆیەوە کۆمەڵێک تاوانی نێودەوڵەتی لە جینۆساید و جەنگ ئەنجام درا، ئەوە دەکرێ لە چوارچێوەی دادگایەکی نێودەوڵەتی ئەو کەیسە یەکلا بکرێتەوە، کە رەنگە ھەر لە رێگەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە بێت، کەیسەکەش لە رێگەی داواکاری گشتی، یان ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەبێت”.



لەبارەی کەیسی گەندەڵی و پارە سپیکردنەوەش ئەو شارەزا یاساییە رای گەیاند، ئەوە یاسا بەرکارەکانی عێراق و ھەروەھا دادگا نێودەوڵەتییەکانیش مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، گوتی: ”عێراق ئێستا واژۆی ھەیە لەسەر رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لە ساڵی ٢٠٠٨ کە بەگوێرەی ئەوە دەبێت پابەند بێت بە ماددەکانی رێککەوتنەکەوە، واتا لەوەشیاندا دەتوانرێ کەیسەکان ببردرێنە دادگا نێودەوڵەتییەکان”.



ھاوکات د. فارس بریفکانی، پەرلەمانتاری پارتی لە عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە، وەک نوێنەرانی خەڵکی نەینەوا لە پەرلەمان، دوای ئازادکردنی مووسڵ داوای دادگاییکردنی(مالیکی) و کەسانی دیکە بە ھۆکاری کەوتنی مووسڵ، دەکەن.



گوتیشی: ''ئەنجامی لیژنەی کەوتنی مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق زۆر گرنگ بوو، ناوی کەسە باڵاکانی تۆمەتباری کەوتنی شاری مووسڵی تێدا بوو، یەکەم کەسیش سەرۆکوەزیرانی پێشوو بوو، کە لە سەردەمی ئەودا مووسڵ کەوت و خەڵک تووشی ئەو کارەساتە ھاتن، بەڵام ئەنجامەکەی ئەوەبوو کە ئاستەنگ و لۆبییان لە دژی دروست کرد و تا ئێستا ماوەتەوە''.


ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش داوە، دوای ڕزگارکردنی شاری مووسڵ داوای لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە کەوتنی شاری مووسڵ، نەک لیژنەی پەرلەمانی، چونکە لیژنەی پەرلەمانی ئەنجامەکەی ھەر ئەوە دەبێت کە پێشتر ھەبوو، کەیسەکە دەکەن بە بابەتێکی نێودەوڵەتی، تا وڵاتانی زلھێز بێنە سەر خەت و لێکۆڵینەوە بکەن و تاوانبارانی کەوتنی مووسڵ دەستنیشان بکرێن و دادگایی بکرێن، کە فەرماندەی گشتیی ھێزە ‌چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی پێشوو،(نووری مالیکی) پێی تۆمەتبارە.



باسنيوز
Top