چارەنووسی 643 منداڵ و پیاوە رفێندراوەكانی ژێر دەستی حەشدی شەعبی نادیارە
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی لەبارەی چارەنووسی 643 پیاو و منداڵ بڵاوکردەوە کە لە ساڵی 2016دا لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەقڵاوییە لە پارێزگای ئەنباری باشووری عێراق رفێندران.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە رفاندنەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری فەللوجە (گەورەترین شاری پارێزگای ئەنبارە کە زۆربەی دانیشتوانەکەی سوننەیە) و ناوچەکانی دەوروبەری لەژێر کۆنتڕۆڵی داعش، ئەنجام دراوە.
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بە پشت بەستن بە گوتەی ئەوانە لە رووداوەکە رزگاریان بووە و گوتەی شایەتحاڵان و کەسوکاری رفێندراوەکان ئەوەی روون کردووەتەوە کە هەزاران کەس لە پیاو و ژن و منداڵ لە بەرەبەیانی رۆژی 3ی حوزەیرانی 2016 کاتێک لە سەقڵاوییەی رۆژهەڵاتی پارێزگاکەوە هەڵاتن، چەکدارانی حەشدی شەعبی رووبەڕوویان بوونەوە.
لە راپۆتەکەدا هاتووە "چەکدارانی حەشدی شەعبی نزیکەی 1300 پیاو و مێردمنداڵیان لە خێزانەکانیان جیا کردووەتەوە و سەرجەمیان گواستوونەتەوە بۆ باڵەخانە و ئەو دوکان و شوێنە بازرگانیە چۆڵانەی لە نزیک ناوچەکەدا هەن، هەروەها سەرجەم بەڵگەنامە کەسییەکان و ئامێری تەلەفۆن و کەلوپەلە گرانبەهاکانیان لێ سەندوون و دواتر بەندیان کردوون".
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "رۆژی دواتر و لەگەڵ هەڵهاتنی رۆژ ژمارەیەک ئۆتۆمبێل دەگەنە ناوچەکە و ژمارەیەک لە دەستگیرکراوەکان بەرەو شوێنێکی نادیار دەبەن کە تاکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە".
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو دەستگیرکراوانەی لەو شوێنانە ماونەتەوە رووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە و لە ئاودەست بەند کراون و خواردن و خواردنەوەیان پێ نەدراوە.
ئەوانەی کە رزگاریان بووە ئاماژەیان بەوە کردووە کە رووبەڕووی لێدان و ئەشکەنجەیەکی زۆر بوونەتەوە و بە کێبڵ و بۆری ئاسن و دار لە هەموو ئەندامەکانی لەشیان دراوە، هەرەوەها چەند کەسێک لەژێر کاریگەری ئەشکەنجەدانەکان گیانیان لەدەست داوە.
لە رۆژی 5ی حوزەیرانی 2016دا نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەو ئەشکەنجەدان و پێشلێکارییانەی لەمیانی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی فەللـوجە ئەنجام داوە، پێك هێنا.
هاوکات حکوومەتی خوجێی ئەنبار لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەو رووداوە پێک هێنا و رۆژی 11ی حوزەیرانی رابردوو ئەنجامەکەی راگەیاند.
لە راپۆرتی ئەو لێژنەیەی کە لەلایەن حکوومەتی خوجێی ئەنبار پێک هێنرابوو، ئاماژە بەوە کراوە کە 643 پیاو و منداڵ لە ئاوارەکانی سەقڵاوییە شوێنبزر بوونە.
لێژنەکە راپۆرتی ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکانی بۆ حەیدەر عەبادی بەرزکردووەتەوە.
لەبارەی ئەنجامی لێژنەکانی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لەو راپۆرتەکەی کە لە 18ی تشرینی یەکەمی 2016 بڵاوی کردووەتەوە، بێ هیوای خۆی نیشان داوە لەمەڕ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەلایەن بەغداوە، بەتایبەت کە ئەو لێژنەیەی لەلایەن حکوومەتی عێراق پێک هێنرابوو، دەزگا ئەمنییەکان ئەندامن تیایدا کە هەندێک جار خۆیان پێشێلکارییان ئەنجام داوە".
bas news-
