مالیکی دەیەوێ لەڕێگەی ملیشیا شیعەکانەوە دەسەڵات وەربگرێتەوە

 مالیکی دەیەوێ لەڕێگەی ملیشیا شیعەکانەوە دەسەڵات وەربگرێتەوە
بەپێی لێکۆلینەوەیەکی نێودەوڵەتی، دەرکەوتووە کە نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق، کە ھاوکات فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان بووە، لە بەدەستەوەدانی شاری مووسڵ رۆڵی ھەبووە و رێگەی بۆ چەکدارەکانی داعش خۆش کردووە. پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا ئاماژە بەوە دەدات. ئێستاش مالیکی لە سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردن بێ ئومێد بووە و دەیەوێ لە رێگەی ملیشیا شیعەکانەوە دەست بەسەر عێراقدا بگرێت.



ڕۆژنامەی (ئەندیپێندنت – INDEPENDENT)ی بەریتانی، لە لێکوڵێنەوەیەکیدا لەبارەی ھاتنی داعش بۆ عێراق، نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراقی بە تاوانبار و بەرپرسیار لە دۆسیەی کەوتنی مووسڵ داناوە، بەو پێیەی مالیکی چاوپۆشیی کردووە لە پێشڕەوییەکانی داعش و ئەو ڕاپۆرت و زانیارییە ھەواڵگرییانەی کە لەمبارەیەوە لەلایەن دەزگا ھەواڵگرییەکانی عێراق و سوپاوە پێی دراوە.



ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە نووری مالکی، جگە لەوەی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان و وەزیری بەرگری و ناوخۆ و ھەواڵگری و زانیاری بووە بە وەکالەت، لە لایەن جەنەڕاڵ ئەحمد زرکانی، کە ئەوکات بەرێوەبەری ھەواڵگری بووە، تەواوی پلانی ھێرشەکەی داعشی پێ ڕاگەیاندووە و شەش بنکەی مەشقی تیرۆرستانی داعشی بۆ دەستنیشان کردووە، زانیاریی دروستی داوەتێ کە داعش چەک و تفاقێکی سەربازیی زۆری دەست کەوتووە و خەریکی ئامادەکاریی ھێرشێکی بەربڵاوە، بەڵام نووری مالکی گرنگیی بە بەڵگە و زانیارییەکان نەداوە .



ئەندیپێندنت ئاشکراشی کردووە، کە ھەواڵگریی ھێزەکانی پێشمەرگە و ئاژانسی پاراستنی کوردستان، لە کەناڵی راستەوخۆی ھەواڵگری و ھاوکات لە رێگەی سوپاسالاری ئەوکاتەی عێراق، جەنەڕاڵ بابەکر زێباری، زانیاریی ستراتیژیی سەربازیی گرنگی ھێزەکانی داعشیان بە ٤٨ سەعات پێش ھێرشەکە گەیاندووتە نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیران، بەڵام مالیکی ھیچ وەڵاامێکی نەبووە.



ڕاپۆرتەکە لەبارەی گرنگی نەدان بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان، ئاماژەی بەوەش داوە، کە نووری مالکی پێی باشتر بووە شارەکە داعش داگیری بکات، نەک ڕێکخستنەکانی حزبی بەعس و رێکخراوی نەقشبەندییەکان.



ڕاپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە تایبەت بووە بە ھاتنی داعش، بە ئامادەبوونی ھەموو سەرکردە سەربازییە پلەدارەکان کە لە ڕێگەی تەلەفۆنیشەوە(عەلی غێدان و عەبود قەمبەر و مەھدی غراوی) بەشدار بوون، بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق بە مالیکیی ڕاگەیاندووە کە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەتوانن ھاوکار و پاڵپشت بن لە پاراستنی مووسڵ و نەھێڵن داگیر بکرێت، بەڵام مالیکی لە وەڵامدا گوتوویەتی: ”پێویستمان بە پێشمەرگە نییە، با کوردستان بپارێزن، پاراستنی عێراقیش لە ئەستۆی منە”.



چاودێری سیاسی، بەکر حەمەسدیق، پەرلەمانتاری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، مالیکی لەوە بێ ئومێد بووە بتوانێ لە رێگەی ھەڵبژاردنەوە بگاتەوە بە سەرۆک وەزیران، گوتی: ”مالیکی ھەوڵی داوە لەو رێگەیەوە بگاتەوە بە دەسەڵات، بەڵام ئەوە پێویستی بە رێککەوتنی سیاسیی زۆرینەی کورد و سوننە و شیعەکانە، کە مالیکی شکستی ھێناوە لە کۆکردنەوەی ئەو دەنگە، لەبەرئەوە دوورە لەو رێگەیە بگەڕێتەوە، لە کاتێکدا کە ناتوانێ دەنگی ھەموو شیعەکانیش بەدەست بھێنێت، کە جەماعەتی عەمار حەکیم و موقتەدا سەدر لە دژی وەستاونەتەوە، لەبەرئەوە بەدڵنیاییەوە ھەوڵی پیلانی دیکە دەدات بۆ گەیشتنەوە بە دەسەڵات، کە ئەویش گرتنە دەستی دۆسیەی ئەمنییە، کە ئێستا زۆربەی مەلەفەکانی ئەمنی بەغدای بەدەستەوە گرتووە“.



بەپێی زانیارییەکانی(باس) کە لە سەرچاوەی ئاگادارەوە لە بەغدا پێی دراوە، مالیکی لە رێگەی پیلانێکەوە بەنیازی کودەتایە بەسەر حکوومەتی عێراق و سوپای عێراقدا، کە دەیەوێ لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە سەرەتا دەست بەسەر ئەمنییەتی شارەکاندا بگرێت، بۆ ئەوەش لە مووسڵ و بەغداوە دەستی پێ کردووە و ئێستا بە سەدان بارەگای حەشدی شەعبی بە جلوبەرگی سوپای عیراق لە مووسڵدا کراونەتەوە، کە راستەوخۆ فەرمان لە مالیکی وەردەگرن، ھاوکات لە بەغداش دەستی کردووە بەسەر زۆربەی دۆسیە ئەمنییەکان و لە رێگەی دروستکردنی کێشەشەوە بۆ ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی حەشدی شەعبیدا نین بیانوو بە سوپا و پۆلیس دەگرێت، تا ناچاریان بکات بە رادەستکردنی ئەمنییەتی ئەو شوێنانەی بە دەستی ئەوانەوەیە بۆ حەشدی شەعبی.



موئەیەد تەیب، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، ھەوڵەکانی مالیکی لە چەند کەناڵێکەوە بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات بەردەوامن و سەرەتا دەیویست خۆیان بگەڕێنەوە سەر کورسیی سەرۆک وەزیران، بەڵام ئێستا کە ئومێدی ئەوەی نەماوە زۆرینەی شیعە و سوننە و کورد پشتیوانیی لێ بکەن، کە لە کوردستانیش ھەوڵی لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسی دا، ئێستا دەیەوێ پشتیوانی لە کەسێکی دیکە بکات بۆ سەرۆک وەزیران، کە وەکوو بووکەڵەیەک بێت بەدەستییەوە، ئەوەشی لە کەسایەتیی عەبادیدا بەدی نەکردووە، ھەر بۆیەش دژایەتیی دەکات.

ئەو چاودێرە پێی وابوو ھەوڵەکانی مالیکی لە رێگەی حەشدی شەعبیش شکست دەھێنێت، گوتی: ”چونکە ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی گوتیان دان بە ھیچ ھێزێک لەدەرەوەی سوپای عێراقدا نانێین، بۆیە حەشدی شەعبی لەکاتێکی نزیک دوای شەڕی داعش دەخرێتە لیستی تیرۆرەوە“.



جەختی لەوەش کردەوە، ھەوڵی مالیکی ئەوەیە کە حەشدی شەعبی بەدیلی وەزارەتی ناوخۆ و سوپای عێراق بێت، تا ھەم وەکو پۆلیس و ھەم وەکو سوپا سوودیان لێ وەربگرێت و دەست بەسەر مەلەفی ئەمنیی شارەکاندا بگرێت، بەڵام لەوە ناچێت لەو پیلانەشیدا سەرکەوێ، چونکە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش بەرنامەی خۆی بۆ عێراقی دوای داعش ھەیە.



لای خۆشیانەوە د. تاریق سدیق گەردی، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، مالیکی تەنیا قسەی ماوە و دوای ھەوڵێکی زۆر بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات، کە لە جێگری سەرکۆمار دوور خرایەوە، بەڵام لەڕێگەی ھەوڵی زۆرەوە توانیی لە دادگای فیدڕاڵی ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، ئێستاش دەیەوێ بە ھەر رێگەیەک بێت بگاتەوە بە پۆستی سەرۆک وەزیران، رێگەی یەکەمیان دەیەوێ بە ھەڵبژاردن بێت، ھەر بۆیەش بەردەوام تۆمەت بۆ حکوومەتی عەبادی دروست دەکات کە لاوازە، لە کاتێکدا کە ئەو سەرۆک وەزیران بووە سێ شاری عێراق، تکریت و رومادی و مووسڵ رادەست بە داعش کراوە، کە عەبادی بووەتە سەرۆک وەزیران ئەو شارانە لە داعش پاک کراونەتەوە و مووسڵیش بەرەو کۆتاییە، گوتی “جگە لەو رێگەیە بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات، مالیکی دەیەوێ کێشە بۆ شارەکانی عێراق دروست بکات، بەتایبەتی بەغدا، لە رێگەی ھاندانی ھەندێ لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، تا لەو رێگەیەوە دەست بەسەر مەلەفە ئەمنییەکانی ئەو شارەدا بگرێت”.



ئاماژەی بەوەش دا، ئەو گرووپانەی حەشدی شەعبی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی(مالکی)یدان کەمینەن، بەڵام نابێت ھەوڵەکانی ئەو گرووپە کەمینەیە لەبەرچاو نەگیرێت.



باسنيوز
Top