ئێران داوا لە عێراق دەکات زمانی فارسی وەک زمانی دووەم بناسێنێت

 ئێران داوا لە عێراق دەکات زمانی فارسی وەک زمانی دووەم بناسێنێت
هەوڵێک بۆ ئەوەی زمانی فارسی لە عێراق بکرێتە زمانی دووەم، ئاشکرا دەبێت، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت: "ئەم هەنگاوە ئاشکرایە بۆ ئەوەیە کە قەبارە و پێگەی کورد لە عێراق کەم بکرێتەوە".

ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "بەرنامە و پلانی ئێران زۆر لاواز بووە، بۆیە بەدوای شتێکدا دەگەڕێت کە دەیەوێت ورووژاندن بکات، ئەگەرنا سەر ناگرێت، بۆ نموونە، ئێستا باسی ئەوە کراوە کە زمانی فارسی بکرێتە دووەم زمان لە عێراقدا، بەو بەڵگەیەی گوایە لە باشووری عێراق وەک دووەم زمان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لە کاتێکدا ئەم هەوڵە سەر ناگرێت”. جەختیشی کردەوە: "نە سوننەکان و نە کورد لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا نابن".

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "بیرهێنانەوەیەک بۆ خەڵکی کوردستان، کاتی خۆی نووری مالیکی لە کۆبوونەوەیەکدا گوتی، (ئێمە لەمەودوا بە ڕێژەی زۆرینە لە پەرلەمان مامەڵە دەکەین و هەموو بڕیارەکان دەدەین)، بۆیە مەترسی دەکرێت مالیکی لەو ڕوانگەوە بیەوێت ئەوە بکات کە چاوەڕوان ناکرێت سەرکەوتوو بێت، چونکە ئێمە پەنا دەبەینە بەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی". گوتیشی: “ئەوەی دەکرێت پیلانێکی تازەیە بۆ بچووکردنەوەی قەبارەی کورد لە عێراق".

هەر لەمبارەیەوە سەلام خۆشناو، بریکاری وەزیری خوێندنی باڵای عێراق ڕایگەیاند، لە میدیاکانەوە ئەو بابەتەیان بیستووە، بەڵام: “ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی هیچ شتێکی فەرمیمان لەمبارەیەوە پێ نەگەیشتووە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی دەستوور و یاساکانی عێراق، هەردوو نەتەوەی عەرەب و کورد لەگەڵ کەمینە نەتەوەییەکانی (تورکمان، ئاشووری و کلدان) دەژین کە بەپێی یاسا، هەردوو عەرەبی و کوردی، زمانی یەکەم و دووەمی فەرمین لە عێراقدا و هیچ یەکێک لە نەتەوەکانی عێراق، بە زمانی فارسی قسە ناکەن.













باسنیوز
Top