سوپا و میلیشیا شیعەکان ژمارەیەک هاووڵاتیی باشووری مووسڵ دەکوژن
لین مەعلوف، جێگری بەڕێوەبەری توێژینەوەکان لە نووسینگەی بەیرووتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، کە ژمارەیەک چەکدار بە جلوبەرگی پۆلیسی ئیتیحادییەوە، هاووڵاتییانی گوندێکی باشووری مووسڵیان کوشتووە.
بەپێی ئەو بەڵگانەی رێکخراوەکە کۆی کردووەتەوە، هێزە عێراقییەکان (سوپا، پۆلیسی ئیتیحادی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب) لانی کەم لە ناحیەکانی شورا و گەیارە لە باشووری مووسڵ شەش هاووڵاتیی مەدەنییان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی توندڕەوی داعش، گوللەباران کردووە.
پێشتر رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، کە لێکۆڵەرەکانی رێکخراوەکە سەردانی ناوچەکانی باشووری مووسڵیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، هێزە عێراقییەکان بە تێلی دڕ لە هاووڵاتییانی راکردوو لەژێر دەسەڵاتی داعش دەدەن و گوللەبارانیان دەکەن.
هەروەک لێکۆڵەرانی رێکخراوەکە باسیان کردووە، 10 پیاو و مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لە رۆژی 21ـی تشرینی یەکەمی رابردوو لەسەر دەستی هێزە عێراقییەکان ئەشکەنجە دران.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.
پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.
ژمارەیەک هاووڵاتیی راکردوو لە داعش لەلایەن هێزە عێراقییەکان کۆ کراونەتەوە و ئازار دەدرێن
باسنیوز
