سەلیم جبووری و نووری مالیکی ڕێککەوتنێکی نهێنی دەکەن

 سەلیم جبووری و نووری مالیکی ڕێککەوتنێکی نهێنی دەکەن
پەرلەمانتارێکی کورد ئاماژە بە هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە لێپرسینەوە لە وەزیرەکانی عێراق دەکات و ئەوە ناشارێتەوە کە هۆشدارییان بە سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوە.



ئەمڕۆ چوارشەممە 9\10\2016، عادل نووری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: “مانگی چوار، هەڵمەتێکمان لە پەرلەمانی عێراق دروست کرد، چونکە تێبینیمان هەبوو لە ئەدای سەرۆکی پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتی وەک پێویست کارەانیان ئەنجام نەدەدا، لەبەردەم دەزگا جێبەجێکارەکان و حکوومەت بێ دەسەڵات بوون، لە کاتێکدا سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق سیستەمێکی پەرلەمانییە، پەرلەمانە سەرۆکی کۆمار، پەرلەمانە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمان، وەزیرەکان و سەرۆکی هێزەکان دادەنێت و متمانەیان لێ دەسێنێتەوە، کەواتە قسەی کۆتایی بۆ پەرلەمانە”.



ئەو دەڵێت: “مادام سیستەمی پەرلەمانییە، دەبێت سەرۆکی پەرلەمان ئازاد بێت، لێهاتوو و دەست ڕۆیشتوو بێت، بەڵام ئەم دەستەی سەرۆکایەتییە وانەبوون، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بۆیە ناچار بووین کۆمەڵێک پەرلەمانتار، پەرلەمان بۆ دۆخی خۆی بگەڕێنینەوە”. بە گوتەی ئەو، تائێستا سەرۆکی حکوومەتی عێراق، “شکۆی پەرلەمان دەشکێنێت، چوار مانگ پێش ئێستا، عەبادی بە ئێمەی گووت، سەرۆکی دەستەکان کە نزیکەی 30 سەرۆک دەستەن، پۆستەکانیان بەوەکالەت بەڕێوە دەبرێت، دەیاننێرمە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەوە چەند مانگ تێپەڕیوە، سەرۆکی پەرلەمان بەدواداچوونی نەکردووە، بۆیە تێبینیمان لەسەر سەرۆکی پەرلەمان هەیە".



عادل نووری لە لێدوانەکەیدا سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: “ئاگادارین هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کۆسپ بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرەکان دروست بکرێت، دەیانەوێت دەستەیەکی پێنج کەسی دروست بکەن لەناو پەرلەمان، هەر کەس داواکاری پێشکەش بکات بۆ لێپرسینەوە، دەبێت داواکاری ئاراستەی ئەو دەستەیە بکەن کە ئەوەش بۆ دروستکردنی کۆسپە”.












باسنیوز
Top