بۆ یەکەمجار فڕۆکەی ئەپاچی لە شەڕی مووسڵ بەکاردێت

 بۆ یەکەمجار فڕۆکەی ئەپاچی لە شەڕی مووسڵ بەکاردێت
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئەپاچی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، راگەیاند.



ئێوارەی رۆژی دووشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2016، پیتەر کۆک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، کە لە یەکەم بەشداریکردنیاندا، فڕۆکە ئەپاچییەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژیرێکخراوی توندڕەوی داعش هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیی بۆمبڕێژکراوی رێکخراوەکە و تەقاندوویاننەتەوە.



ئەپاچی هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکییە و کۆمپانیای بۆینگ دروستی دەکات. جۆری فڕۆکەی سەرەکییە لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا. ئەپاچی توانای کارکردنی لە شەو و رۆژدا هەیە و مووشەکی جۆری (هێڵفایەر) هەڵدەگرێت، کە مووشەکێکی بەهێزە و هەموو بەربەست و گوللەنەبڕەکان تێک دەشکێنێت.



لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.






باسنیوز
Top