ئارام شێخ محەممەد: دوای داعش پێویستمان بە مۆدێلێكی جیاوازی حوكمڕانییە

ئارام شێخ محەممەد: دوای داعش پێویستمان بە مۆدێلێكی جیاوازی حوكمڕانییە

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، پیشاندانی مۆدێلێكی جیاواز لە حوكمڕانی و بەشداریپێكردنی كۆی تێڕوانینە جیاوازەكان لە بڕیاری سیاسی، گرەنتی پاراستنی ئاشتەوایی نیشتمانی و سەقامگیرییە بۆ قۆناخی دوای داعش.

رۆژی یەكشەممە 6-11-2016 ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لە كریستۆڤەر لانگمان، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق كرد و چەند پرسێكیان تاوتوێكرد.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە "زیاتر لەساڵێكە و لەچەندین بۆنەی جیاوازدا داوام لەحكومەت و هێزە سیاسییەكان كردووە ئامادەكاریی تەواو بكەن بۆ قۆناخی دوای دەرپەراندنی داعش".

ئاراك شێخ محەممەد گوتیشی "لەبارە سیاسییەكەیدا گرنگە كەشێكی پڕ لەمتمانە بخوڵقێنرێت و كۆی پێكهاتەكان بەجیاوازییەكانیانەوە بەشداریپێبكرێن لەبڕیاردان بۆ زامنكردنی سەقامگیری سیاسی. لە رووی ئاوەدانیشەوە، پێویستە دەسەڵاتی جێبەجێكردن بایەخێكی زیاتر بدات بەو ناوچانەی داعش كاولیكردوون و هەوڵی بوژانەوەی ژێرخانی ئابووریی و گەڕانەوەی ژیان و ئاوارەكان بدات".

لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستانەوە، ئارام شێخ محەممەد رایگەیاندووە "كوردستان بە قەیرانێكی سیاسیی و دارایی قوڵدا گوزەردەكات. دیالۆگ بە شاڕێی چارەسەری كێشە سیاسییەكان دەزانین، كۆتایهێنان بەكێشە و نەهامەتییەكانی خەڵك دەبێت ئەولەویەتی كاری هەموو هێزەكان بێت، نەك عینادی و پەراوێزخستن و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بەرامبەر".

باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق ستایشی سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی سەرجەم هێزە عێراقییەكان و هێزی پێشمەرگەی كردووە و تەئكیدی كردووەتەوە، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پشتيوانیكردنی سیاسیی و ئەمنیی و هاوكاری مرۆیی عێراق.

باڵیۆزی ئوسترالیا راشیگەیاندووە "حكومەتی وڵاتەكەی بەپەرۆشە كوردستان و عێراق كۆی كێشە و قەیرانەكانی تێپەڕێنێت".
Rudaw-
Top