"بەغدا بەڵێنی داوە بەم نزیکانە نەوتی زیاتر بۆ ماڵان دابین بکات"
بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر دەڵێت پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوامە؛ بەغدا بەڵێنی داوە نەوتی زیاترمان بۆ دابین بکات و بەم نزیکانە ڕەوانەی بکەن؛ ھەرکاتێ گەیشت نەوتی زیاتر بەسەر ماڵاندا دابەش دەکەین.
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر مستەفا تەھا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان بەردەوامە؛ هەڵبەت جارێ ھەر لە ناوچە شاخاوییەکاندا دابەش دەکرێت، کەینێ ئەوانمان تەواو کرد، نەوتی ناوچەکانی دەوروبەر و شاری ھەولێریش دابەش دەکرێ."
بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر گوتیشی، لە ھەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر دابین بکەین و دابەشی بکەین.
مستەفا تەھا ڕوونیشی کردەوە، لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە ھەوڵی بەردەوامداین و ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە نەوتمان بۆ دابین بکەن؛ دیارە بەشێکیان دابین کردووە بەڵام کەمە؛ ئەمجارە گەشبینین بەم نزیکانە نەوت ڕەوانە بکەن، لەبەر ئەوەی کرانەوەیەک لەنێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە وەکو پێشوو نییە.
HAWLER -
