ئدانیشتووانی فازڵییە: ێمە مردبووین بەڵام پیشمەرگە فریامان کەوت و زیندوو بووینەوە
تەلەڤزیۆنی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی راپۆرتێکی فیچەری سەبارەت بە ژیانی دانیشتووانی هەندێک لە گوندەکانی دەستی داعش کە لەم دواییانە لە لایەن پێشمەرگەوە رزگار کراون بڵاوکردەوە و تیایدا دیمەنی ئەوە دەردەخات کە خەڵک تا چەندە تینووی ئازادی بوون و لەو ماوەیەی کە داعش کۆنترۆڵی ناوچەکەیانی کردووە تەنانەت بۆیان نەبووە ریشیش بتاشن. خەڵک سپاسی پێشمەرگە دەکەن و پێیان وایە ئەوان مردبوون و ئێستا زیندوو بوونەتەوە.
کۆمەڵێک مێرمنداڵ لە سەرتاشخانەیەکی بچووک کۆ ببوونەوە کە سەرجەم جامەکانی شکابوون پیاوێک کە ریشێکی زۆری هاتبوو لە ئارایشگاکە خەریکی تاشینی ریشی بوو. مێرمنداڵەکان هیشتا سەریان سوڕمابوو و باوەڕیان نەدەکرد چییان بەسەر هاتووە.
پیاوێک کە مووسێکی تایبەت بە ریش تاشینی بەدەستەوە بوو و ناوی ئەحمەد ئەبو ئوسامە بوو، گوتی لەو کاتەوە داعش دەستی بەسەر گوندەکەیاندا گرتووە پیشەکەی خۆی لەدەست داوە چونکە ئەو کارەی ئەو کردوویەتی لەلایەن داعشەوە ناپەسند بووە و بە فەرمانێک کاتێک شارەکەی گرتووە هەرجۆرە تەراشێكی قەدەغە کردووە و تەنانەت رێگەی لە کورتکردنەوەی پرچیش گرتووە. ئەو یاسایە لە گوندەکەشیان جێبەجێ کراوە کاتێک داعش کۆنترۆڵی کردووە.
فازڵیە نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر لە مووسڵ دوورە و کەوتووەتە باکووری مووسڵ و نزیکەی پێنج کیلۆمەتریش لە بنکەکانی داعش نزیکە. هەفتەی رابردوو هێزەکانی پێشمەرگە توانیان گوندەکە رزگار بکەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی چەکدارانی داعش لەو گوندە بهێنن.
ئەحمەد باسی لەوەش کرد کە لەو ماوە کورتەی گوندەکەیان رزگار کراوە سەرووی ٢٠٠ پیاو و مێرمنداڵ سەردانیان کردووە و داوایان کردووە ریشیان بۆ بتاشێت یان پرچیان کورت بکاتەوە. ئەو دەڵێت "ئێمە زۆر خۆشحاڵین بەوەی ئەو مۆتەکەیەمان لە کۆڵ بوویەوە، ئەو چەند رۆژەی گوندەکەمان رزگار کراوە لامان وەکوو جەژن و خۆشی وابووە."
ئەو ئاماژە بە مشتەرییەکانی دەکات کە سەرجەمیان هاتوونەتە دووکانەکەی بۆ ئەوەی پرچیان کورت بکەنەوە یان ریشیان بتاشن. ئاخر ئەوکاتەی داعش لە گوندەکەیان دەسەڵاتی هەبوو ئەوەی بە هەڵەش ریشی کورت کردبایەوە ئەوا سزاکەی بریتی بوو لە یەک مانگ زیندانیی. لەو کاتەوە داعش رۆیشتووە خەڵک داوای ئەوە دەکەن بە مۆدێلی نوێ پرچیان کورت بکەنەوە یان دەستکاری ریشیان بکەن.
هاوکارێکی ئەحمەد کە هیشتا ترسی داعش بەری نەداوە و ئامادە نییە ناوی تەواوی خۆی ئاشکرا بکات گوتی کاتێک داعش لە گوندەکەیان بووە بە بێ مۆلەتی ئەوان بۆیان نەبووە هیچ کارێک ئەنجام بدەن و لە کاتێکدا بزەی خستبووە سەر لێوانی، گوتی ئێستە دوای دوو ساڵ یەکەم جارە خۆمان بە روخسارێکی جوانەوە دەبینین.
ئەو هەروەها دەڵێت "سەرەڕای ئەو دەسەڵاتە توندەی داعش هەیبووە بەلایانەوە سەیر بووە ئاوا بەخێرایی شکستیان خوارد و رێک ئەو سەعاتەی داعش شکستی خوارد هەستمان بەوە کرد ژیانمان ئاسایی بۆتەوە."
جگەرەکیشان بووەتە هێمای ئازادی
لەو رێگایەی پێیدا تێپەڕین چاومان بە کۆمەڵێک دووکان کەوت کە یەکێکیان خەریک بوو دووبارە دەستی بە فرۆشتنی جگەرە دەکردەوە کە دوو ساڵ بوو لەو گوندە قەدەغە کرابوو. پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی داعش جگەرە کێشان تاوان بوو بەڵام ئێستە بووەتە سیمبولی ئازادی بۆ مەحمود عەباس کە جووتیارێکە و باغی زەیتوونی هەیە. ئەو گوتی "ئێستە کە لە شەقام وەستاوم و خەریکە جگەرە دەکیشم هەست بەوپەڕی ئازادبوونی خۆم دەکەم، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا داعش وەکوو هەورێکی رەش لە سەرمانەوە بووە."
شەقام و کۆلانەکانی فازڵیە تەپ و تۆز و خۆڵاوییە و لە شەقامەکان چاومان بە کۆمەڵێک ئافرەت کەوت کە جلوبەرگەکانیان جیاواز بوو لە هیی هەفتەیەک پێشتر و ئەگەر هەفتەیەک پیشتر بەو جلوبەرگە سووڕابانەوە ئەوا تووشی سزا دەبوون.
ئێمە مردبووین بەڵام ئێستە زیندوو بووینەتەوە
گەنجێک بە پێکەنینەوە بەرەو پیلمان هات، کە پانتۆڵی کابۆیی و جلکێکی پوشتە و پێڵاوی چەرمی لەبەر کردبوو. ئەو گوتی "ئەگەر هەفتەیەک لەمەوبەر ئەو جلانەم لەبەردابا ئەوا یەکسەر دەیانبردمە مووسڵ و سزای قورسیان دەدام. ئێستە خۆشحاڵم و نازانم چۆن خۆشحاڵیم دەرببڕم، ئێمە مردبووین کاتێک پێشمەرگە فریامان کەوت زیندوو بوینەوە و خواش ئێمەی پاراست."
لە شەقامێکی تر غەربیە عەباس لە دەرەوەی ماڵەکەی راوستابوو و باسی لەوە کرد ئەگەر لە ماڵەوە چووبایە دەرەوە دەبوایە رووبەند بپۆشێت و سەر و چاوی بە تەواوی شاردرابایەوە. ئەو هێشتا نازانێت چارەنووسی مێرد و منداڵەکانی چی بەسەر هاتووە و سوپاسی پێشمەرگەش دەکات لەو نەهامەتییە رزگاری کردوون.
ئێستە چیرۆکی رزگارکردنی فازڵیە لە هەموو ئەو شوێنانەی رزگار دەکرین دووبارە دەبێتەوە و خەڵک ژیانیان ئاسایی دەبێتەوە دوای دووساڵ ژیانی نائاسایی لە ژێر دەسەڵاتی رەشی داعش.
hawler -
