پەرلەمانتارێک شوێنی ژنە مەسیحییە رفێندراوەکان ئاشکرا دەکات

 پەرلەمانتارێک شوێنی ژنە مەسیحییە رفێندراوەکان ئاشکرا دەکات
پەرلەمانتارێک شوێنی ژن و کچە مەسیحییە رفێندراوەکانی پارێزگای نەینەوا ئاشکرا دەکات.



سرود سەلیم، پەرلەمانتاری کوتلەی (رۆڵەکانی ئەلنەهرەین)ی مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە هەرچەندە %99ـی دەشتی نەینەوا رزگارکراوەتەوە، بەڵام مەسیحییەکان تاوەکو رزگارکردنەوەی تەواوەتیی موسڵ، ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان.



سرود سەلیم ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە سەرەتای هێرش و داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، 180 هەزار هاووڵاتیی مەسیحیی پارێزگای نەینەوا روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە.



ئەو پەرلەمانتارە هەروەها رایگەیاندووە، کە هەرچەندە مەسیحییەکان نەیانویستووە ژمارەی ژن و کچە رفێندراوەکانیان ئاشکرا بکەن، بەڵام نزیکەی 147 ژن و کچی ئێزدی کەوتوونەتە دەست چەکدارانی داعش و رێکخراوەکەش ئەوانی گواستووەتەوە شاری رەققە لە باکووری سووریا.



وێڕای ئەو 180 هەزار ئاوارە مەسیحییە، زیاتر لە 1.3 ملیۆن ئاوارەی عەرەبی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆی شەڕی تائیفی و داگیرکاریی داعشەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.



لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.



باسنیوز
Top