ئەنبار.. چەکدار و سەرکردە دەستگیرکراوەکانی داعش بە پارە ئازاد دەکرێن

 ئەنبار.. چەکدار و سەرکردە دەستگیرکراوەکانی داعش بە پارە ئازاد دەکرێن
هێزە ئەمنییەکان و سوپای عێراقی چەکدار و سەرکردەکانی رێکخراوی توندڕەوی داعش بە پارە ئازاد دەکەن.

عاشور مەحلاوی، ئامیر فەوجی پۆلیسی فریاکەوتنی ئەنبار بەماڵپەڕی (عەرەبی جەدید)ی راگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی ئەنبار ژمارەیەک چەکداری دەستگیرکراوی داعشیان لە بەرامبەر وەرگرتنی 40 هەزار دۆلار (چوار دەفتەر دۆلار) بۆ هەر چەکدارێک، ئازاد کردووە.

عاشور مەحلاوی هەروەها ئاشکرای کرد، کە ئازادکردنی ئەو چەکدار و سەرکردانەی داعش بە نێوەندگیریی شێخ و کەسایەتیی بەشێک لە عەشیرەتەکانی ئەنبار بووە.

هەروەها سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، کە هێزە هەواڵگرییەکانی فڕۆکەخانەی موسەننا لە بەغدا بەردەوام بەرامبەر وەرگرتنی پارە، ئاسانکاریی بۆ ئازادبوونی تیرۆریستان دەکەن.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، چەندین ئەفسەر پارەی زۆر وەک بەرتیل دەدەن تەنها بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە فڕۆکەخانەی موسەننا لە بەغدا، چونکە لەوێ داهاتێکی زۆریان بە دەست دەکەوێ.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.















باسنيوز
Top