عەبادی: بەهاتنیان بۆ نێو عێراق تورکیا پارچە پارچە دەبێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێشڕەوی هێزە عێراقییەکان بەئاراستەی ناو شاری موسڵ بەردەوامە و کۆنترۆڵکرنەوەی گۆگجەلی و بارەگای تەلەڤزیۆنی موسڵیشی پشتراسترکردەوە، راشیگەیاند: "هێشتا مەترسییەکانی بەزاندنی سنوور لەلایەن سوپای تورکیاوە نەڕەوینەتەوە، بۆیە حکومەتی عێراقی بەردەوامە لەگرتنەبەری رێوشوێنی پێویست".
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ئێوارەی سێشەممە 1-11-2016 رایگەیاند: "پێشڕەوی هێزە عێراقییەکان بەئاراستەی ناو شاری موسڵ بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکان گۆگجەلی و بارەگای تەلەڤزیۆنی موسڵیان کۆنترۆڵکردووەتەوە".
حەیدەر عەبادی، ئاماژە بەوە دەدات "تاوەکو ئێستا هیچ پیشێلکارییەک لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بەرامبەر بەهاووڵاتیانی ناوچەی شەڕ لەئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا تۆمار نەکراوە و هەماهەنگییەکی باشیش لەنێوان هاووڵاتیان و هێزەکاندا هەیە"
سەبارەت بە گرژییەکانیان لەگەڵ تورکیا و هاتنی هێزەکانی ئەو وڵاتە بۆ نێو خاکی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: " ئێمە نامانەوێت شەڕ لەگەڵ تورکیا بکەین، نامانەوێت رووبەڕووی تورکیا ببینەوە، ئەگەر خوانەخواستە رووبەڕووی تورکیاش ببینەوە، ئەوا تورکەکان باجەکەی دەدەن و زەرەر دەکەن، بەڵێ ئێمەش زەرەر دەکەین، هەر وڵاتێک لەگەڵ وڵاتێکی درواسێی بکەوێتە شەڕەوە، هەردوولا بە دۆڕاوی لێی دەدرچن".
حەیدەر عەبادی، ئاماژە بەوەش دەدات "بەڵام تورکیا و هێزەکانی تورکیا زیانی گەورەی پێدەگات، هۆشداریشی ئەوەش پێ دەدەین، ئەگەر بێت و سوپای تورکیا بێنە نێو خاکی عێراق، ئەوا ئامادەین رووبەڕوویان ببینەوە، وەکو دووژمن سەیری دەکەین و وەکو دووژمنیش مامەڵەی لەگەڵ دەکەین".
عەبادی، لەکۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکدا تیشکی خستەسەر ئەوەی ئەو هێزانەی لە عێراقن لەسەر داوای ئەوان هاتوون و گوتی: "تورکەکان دەڵێن چەند وڵاتێک لەنێو خاکی عێراقن، بەڵی ئەو وڵاتانە لەسەر داوای عێراق هاتوون و ئەو هێزەش نییە لەسەر زەمین شەڕ بکەن، بەڵکو ئەوانەی هاتوون راوێژکارەکان بۆ مەشقپێکردن، هاتوون بۆ یارمەتی لۆجیستی و پێشکەشکردنی چەک، هاوکات پشتیوانی ئاسمانی بەپێی ئەو بەشەی ئێمە پێویستمان پێیەتی، زۆربەی پشتیوانییە ئاسمانییەکان لەلایەن فڕۆکەکانی عێراقییەوە دەستەبەرکراوە، بەڵکو بۆ هەندێک گورزی ستراتیژی پێویستیمان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە، ئەو کەرەستە سەربازییانەی ئەوان هەیانە ئێمە نیمانە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەڵێت: "لەلایەکی دیکەوە داعش لەنێوانی عێراق و سووریا هاتووچۆ دەکات، ئێمە نامانەوێت سنوور ببەزێنین، بەڵکو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەبەستە هاتووە، هەم داعش لە لایەنی سووریا بۆردوومان دەکات، بۆ ئەوەی زیانەکانی ئێمە کەم ببێتەوە، ئەوەی لای ئێمەش گرنگە کەمکردنەوەی زیانی چەکدارەکانمانە".
حەیدەر عەبادی ئاماژەی بە نامەیەکی تورکیا کرد لەسەر تەلەعفەر کە بۆ حکومەتی عێراق نێردراوە و گوتی "ئێستا گرژییەکانمان لەگەڵ تورکیا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، دوێنێ لە رێگەی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانەوە نامەیەکم لە تورکیاوە پێ گەیشت، بۆ چارەسەرکردنی دۆخی تەلەعفەر، ئێمەش وەڵاممان دانەوە، ئێمە لە خەڵکی دیکە زیاتر لەسەر تەلەعفەر حەریسین، لەسەر یەکگرتوویی خەڵکی تەلەعفەر، تەلەعفەر زۆربەی پێکهاتەکان لەخۆی دەگرێت، بەڵام زۆرینەیان لە برایانمان لە تورکمانن بە شیعە و سوننەوە، هاوکات ئێمە حەرسین لەسەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، ئەو هێزەشەی دەچێتە نێو تەلەعفەر دەبێت هێزێکی نیزامی بێت، لە پێکهاتە جیاجیاکانی تەلەعفەر، ئەمەش بەرپرسیاریێتی ئێمەیە لە بەرامبەر هاونیشتمانیانمان".
سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاماژەدان بەوەی، ئەگەر چی دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە، بەڵام مەترسی هاتنی تورکیا بەردەوام هەیە، گوتی: "ئامادەکارییەکانمان لەوباریەوە کردووە، ترسمان هەر هەیە، لە هەر هانگاوێکی نەخوازراو، هیواداراین ئەمە روونەدات، هەموو گوتارەکانمان و هەوڵە دیپلۆساییەکانمان بۆ ئەوەیە ئەمە روونەدات، ئەمە ترس نییە لێیان، بەڵام لە لێکەوتەکانی دەترسین، لەوەی بکەوینە شەڕێکی نوێ، ئێمە ئەوەمان ناوێت، بەڵکو دەمانەوێت کێشەکانمان لەگەڵ ئەوانی دیکە کەم بکەینەوە نەک زیادی بکەین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی پارچە پارچە بوونی وڵاتی تورکیای دا و گوتی: "هۆشداری ئەوە دەدەینە تورکیا، ئەگەر بیەوێت بێتە نێو عێراق، وای لێدێت تورکیا پارچە پارچە ببێت، تورکیا ئەو توانایەی نییە لە دەرەوەی سنووری خۆی شەڕ بکات، بەر لە 40 بۆ 50 ساڵ ئەوەی قوبرس روویدا، بەڵام عێراق قوبرس نییە، بەڵکو عێراق وڵاتێکی یەکگرتووە".
پاشنیوهڕۆی رۆژی سێشهممه 01-11-2016 سوپای توركیا هێزێكی زۆری له ئهنقهرهوه بهرهو شارۆچكهی سلۆپی سهر بهپارێزگای شرناخ له باكووری كوردستان رهوانه كرد.
هێزهكانی سوپای توركیا بریتی بوون له تهواوی پێكهاتهی فهرماندهیی فیرقهی 28 ی زرێپۆش سهر بههێزهكانی پیاده كه له سهربازگهی چانكری له ئهنقهرهوه بهرهو سهربازگهكانی شارۆچكهی سلۆپی سهر بهپارێزگاری شرناخ لە نزیک سنووری هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن.
لەماوەی رابردوو بوونی هێزێکی تورکیا لە ناوچەی باشیک لە باشووری کوردستان ناڕەزایەتی حکومەتی عێراقی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی عێراقی و تورکیا بەردەوام هەڕەشە لە یەک دەکەن.
Rudaw-
