ژنی چەکدارە کوردە کوژراوەکانی ناو داعش مارە کراونەتەوە

 ژنی چەکدارە کوردە کوژراوەکانی ناو داعش مارە کراونەتەوە
ژمارەیەک لە چەکدارە کوردەکانی ناو داعش خۆیان رادەستی پێشمەرگە کردووە و ژمارەیەکی دیکەشیان لە مووسڵ ھەڵاتوونەتە سووریا، پەرلەمانتارێکی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکا، زۆریان پێش ئەوەی بڕۆنە ناو داعش لە کوردستان دەستگیر کراون.

ئەو ژمارەیەی پێشتر لەبارەی ئەو چەکدارە کوردانەی چوونەتە ناو داعش لە ھەندێ لە میدیاکانەوە باس کراوە، بەپێی زانیاریی پەرلەمانتارێکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، کە بە گوتەی خۆیان بەدواداچوونی لەسەر ئەو پرسە کردووە، بەو شێوەیە نییە و زۆربەی ئەوانەی ویستوویانە بڕۆن، پێشتر لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە دەستگیر کراون.

قادر وەتمان، پەرلەمانتاری یەکێتی لە لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەوان، لەدوای ھێرشی پێشمەرگە و شکاندنی داعش لە زۆربەی میحوەرەکانی شەڕ، ترسی زۆر کەوتووەتە ناو چەکدارەکانی داعش و ژمارەیەکی زۆر چەکدار خۆیان رادەست بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە و ھەندێکی دیکەشیان خۆیان تێکەڵ بە ئاوارەکان کردووە، لەناو ئەوانیشدا گومان دەکرێ چەکداری کوردی داعش ھەبن، کە ئێستا لێکۆڵینەوەی پێشمەرگە و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا بەردەوامە.

گوتیشی: "ئەو ژمارەیەی میدیاکان پێشتر کە دەیانگوت ٥٠٠ کورد لە ھەرێمی کوردستانەوە پەیوەندیی بە داعشەوە کردووە، لە راستیدا ژمارەیەکی زۆر لەوانە پێش ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بکەن لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە پێیان زانراوە و دەستگیر کراون، بەشێکی دیکەشیان کە رۆیشتوون لە شەڕدا کوژراون و بەشێکی دیکەیش خۆیان رادەست بە پێشمەرگە کردووە، بەو پێیە بێت ئێستا ژمارەی کوردەکانی ناو داعش زۆر کەم بووەتەوە، کە لە بنچینەشدا رێژەکەیان زۆر نەبووە".

لەلایەکی دیکەشەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان رای گەیاند، زانیاری ھەیە چەکدارە کوردەکانی ناو داعش، بەتایبەتی ئەوانەی ئەمیر و بەرپرسیاریەتییان پێ دراوە، ھەڵاتوونەتە سووریا، ژمارەیەکی دیکەیشیان چەکەکانیان فڕێ داوە و خۆیان شاردووەتەوە.ئەو سەرچاوەیە باسی لە کچ و ژنی ئەو داعشانە کرد کە پێشتر ھەڵاتبوونە مووسڵ، رای گەیاند، بەپێی قانوونی داعش ھەر داعشێک بکوژرێ ھاوسەرەکەی لەلایەن داعشێکی دیکە مارە دەکرێتەوە و کچەکانیشیان بە ھەمان شێوە لە چەکدارەکانی داعش مارە کراون.

عەمید ھەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە رای گەیاند، ئەوان زانیارییەکی بەردەستیان نییە لەبارەی ژمارەی ئەو چەکدارە کوردانەی خۆیان رادەست بە پێشمەرگە کردووە، گوتی: "مەرج نییە ئەو ژمارانە راست بن کە پێشتر لە میدیاکانەوە لەبارەی کوردەکانی ناو داعش باس کراون، ئەوەی لە بەردەستی ئەوانە ئەو رێژەیە نییە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بەپێی ئەو دەنگۆیانەی کە ھەن، راستە بەشێکی زۆری ئەو چەکدارە کوردانە ئێستا لە سووریان.















باسنيوز
Top