پەرلەمانی ئەوروپا لە دژی توركیا پشتیوانی عێراق دەكات

 پەرلەمانی ئەوروپا لە دژی توركیا پشتیوانی عێراق دەكات


پەرلەمانی ئەوروپا بە كۆی 488 دەنگ بەرانبەر بە 11 دەنگی ناڕازی، بڕیارێكی تایبەتی لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی رزگاركردنەوەی موسڵ پەسەند كرد و، لە دژی سوپای توركیا، پشتیوانی بۆ حكومەتی عێراق دەربڕی.


لە بڕیارەكەدا؛ یەكێتی ئەوروپا داوای لە وڵاتانی دراوسێی عێراق كردووە ڕێز لە یەك پارچەیی و سەروەری خاكی عیراق بگرن و دەست لە كاروباری ناوخۆی وەرنەدەن و ئەو وڵاتانەی پابەندی ئەوە كرد لەهەر هەنگاوێكی سەربازی كە لە ناو خاكی عێراقدا بنێن، ڕەزامەندی حكومەتی عێراق وەربگرن.


هاوكات پەرلەمانی ئەوروپا نیگەرانی خۆی لەبارەی ئەو راپۆرتانە دەربڕی كە باس لەوە دەكەن داعش منداڵ و پیرەمێرد و ئافرەتان وەك قەڵغانی مرۆیی لەو شەڕەدا بەكاردێنن.


پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە بەرپرسانی عێراق كردووە لە كاتی پێشڕەویكردنی سوپا بۆ ناو شارەكە بۆ پاراستنی خەڵكی سیڤیل و نەخۆشخانە و قوتابخانەكان، كۆششی زۆرتر بكەن.


بڕیارەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە تیرۆریستانی داعش تاوانی كۆمەڵكوژی ئەنجام دەدەن و داوای لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كردووە ئەو پرسە بخەنە بەردەم دادگەی نێودەوڵەتی تاوانەكان.
Bas News-
Top