حزبەکەی مالیکی بەهۆی شەڕی مووسڵەوە بۆ دوو ئاراستە دابەش دەبێت

 حزبەکەی مالیکی بەهۆی شەڕی مووسڵەوە بۆ دوو ئاراستە دابەش دەبێت
ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، رەنگە چوونە ناو شاری مووسڵ دوا بکەوێت، چونکە تورکیا لەسەر چوونی حەشدی شەعبی بۆ شارەکە هاتووەتە سەر هێڵ.

سیروان کاکەیی، شارەزای سەربازی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ کاتی دەوێت، چونکە مووسڵ شوێنێکی فراوانە، جگە لەوەش ئەو هەموو دۆخە سیاسییە لە لەناوچەکە وادەکات چوونە ناو مووسڵ درێژە بکێشێت”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: “مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، لەسەر ئیدارەدانی شەڕ مووسڵ ڕێککەوتوون، بەڵام ئەگەر هاتوو پێشڕەویی سوپای عێراق بەپێی پێویست نەبوو، دووبارە ڕێککەوتنەکە پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت، لەکاتێکدا پرسیار دێتە پێشەوە، مووسڵ بەگشتی گەمارۆ دەدرێت یان مەجالێک دەهێڵدرێتەوە بۆ ڕاکردنی خەڵک، هاوکات جووڵاندنی حەشدی شەعبی بۆ تەلەعفەر تورکیای هێناوەتە سەر هێڵ”.

جەختیشی لەوە کردەوە: “لەسەر ئازادکردنەوەی مووسڵ، حزبی دەعوە بووە بە دوو بەش، مالیکی و عەبادی دوو ئاراستەی جیایان هەیە، ئێستا مالیکی لە بەغدا هەوڵەکانی تەواو چڕکردووەتەوە بۆ هاتنەوەی بۆ سەر دەسەڵات، بۆیە بە فعلی حزبی دەعوە بوەتە دووبەشەوە، ئەگەری ئاڵۆز بوونی ناوخۆیی حزبەکەش هەیە”.













باسنیوز
Top