سوننەکانی بەغدا: حەشدی شەعبی بە پاساوی تیرۆر دەمانکوژێ

 سوننەکانی بەغدا: حەشدی شەعبی بە پاساوی تیرۆر دەمانکوژێ
هاووڵاتییانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا، کە زۆرینەیان عەرەبی سوننەمەزهەبن، رایانگەیاندووە، کە سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە پاساوی تیرۆر، دەیانکوژن.



نوسەیف جەنابی، کە گوندەکەی کەوتووەتە باکووری شاری بەغدا و نزیک لە شارۆچکەی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار، بە (عەرەبی جەدید)ی راگەیاندووە، کە لە میانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەللوجە، چەکدارانی حەشدی شەعبی بەردەوام هەڵیان دەکوتایە سەر ماڵەکانیان و دەیانکوشتن.



لەگەڵ ئەوەی هاووڵاتییانی سوننەمەزهەبی شاری مووسڵ بە تاسەوە چاوەڕێی رزگارکردنەوەی شارەکەیانن، بەڵام نوسەیف جەنابی ترسی هەیە و رایگەیاندووە، هەر کاتێ رووبەڕوو بوونەوەی چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش و هێزە عێراقییەکان توندتر دەبێت، چەکدارانی حەشدی شەعبی زیاتر هەڵ دەکوتنە سەر گوندە سوننەنشینەکان و بە پاساوی تیرۆر و داعش بوون، دەیانکوژن.



دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.



چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.



پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.





باسنیوز
Top