سەرۆکی بەرەی تورکمانی: عەبادی تورکمانەکان پشتگوێ دەخات

 سەرۆکی بەرەی تورکمانی: عەبادی تورکمانەکان پشتگوێ دەخات
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی پێیوایە سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهاتەی تورکمانی پشتگوێ خستووە.

رۆژی شەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2016، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا داوای دامەزراندنی لیوایەکی سوپای عێراقی بۆ شاری کەرکووک لە کوردستانی باشوور کرد.

ئەرشەد ساڵحی باسی لەوەش کرد، کە ئەگەر زۆرە رێکخراوی توندڕەوی داعش جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر کەرکووک و بوونی لیوایەکی سوپای عێراقیی تایبەت بە کەرکووکیشی بە پێویست زانی بۆ کەمکردنەوەی هەستیاریی لایەنەکانی شارەکە.

بە گوتەی سەرۆکی بەرەی تورکمانی، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهاتەی تورکمانیی لە عێراق پشتگوێ خستووە و ”لە هێرشە تیرۆریستییەکان نایانپارێزێت“.

ئەم گوتانەی ئەرشەد ساڵحی لە کاتێکدایە، کە ماوەیەکی زۆر گوندی بەشیری تورکمانی لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوو و زوپا و هێزە عێراقییەکان نەیانتوانی رزگاری بکەنەوە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانی بە ماوەی 24 کاتژمێر رزگاری بکاتەوە.

رۆژی هەینی 21ـی تشرینی یەکەمی 2016، ژمارەیەک چەکداری داعش بە چاوساغیی عەرەبە ئاوارەکانی کەرکووک، هەوڵیان دا شارەکە داگیر بکەن، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکان و گەنجانی کوردی کەرکووک توانییان شکست بە هێرشەکەی داعش بهێنن.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.











باسنيوز
Top