عەللاوی: هەموو مووچەکەم دەبەخشمە ئاوارە عێراقییەکان

 عەللاوی: هەموو مووچەکەم دەبەخشمە ئاوارە عێراقییەکان
سەرۆکی حزبی ویفاقی نیشتیمانی و ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراق رایدەگەیەنێت، کە هەموو مووچەکەی دەبەخشێتە ئاوارە عێراقییەکان و هەر سێ جێگرەکەی سەرۆک کۆماری عێراقیش دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
رۆژی دووشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2016 دادگای باڵای ئیتیحادیی عێراق بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی سەبارەت بە نەهێشتنی پۆستی سێ جێگرەکەی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراقی رەت کردەوە.

رۆژی شەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2016، ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پابەندی بریاری دادگای ئیتیحادی دەبێت و دەگەڕێتەوە سەر پۆستی جیگری سەرۆک کۆماری عێراق.

رۆژی پێنجشەممە 27ـی تسرینی یەکەمی 2016، نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا دەستی بە ریوشوێنە یاساییەکان بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق کرد.

پێشتریش ئوسامە نوجەیفی، سەرۆکی ئیئتیلافی موتەحیدون رازی بوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای ئیتیحادیی عێراقی راگەیاند و گەڕایەوە سەر پۆستی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق.

لە مانگی ئەیلوولی 2015، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی ”هەڵمەتی چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت“، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پۆستی جێگرانی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراقی پەسەند کرد.














باسنيوز
Top