خێراترکردنی جەنگی موسڵ و دەمەوێ ستایشی سەرۆک بارزانی و عەبادی بکەم
لەو یەک ساڵەدا، هاوبەشەکانمان لە سووریا و عێراق، بە پشتگیری هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی کە لە 60وڵات پێکدێ، تەنگیان بە داعش هەڵچنیوە. هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە هاوکاری هاوپەیمانان رومادی، هیت، روتبا، فەللوجە، گەیارە و رۆژئاوای بنکەی ئاسمانی گەیارەیان گرتەوە.
لە سووریاش هاوبەشەکانمان شەدادی، منبج و جەرابلوس و دابقیان کۆنتڕۆڵکردەوە.
هەفتەی رابردووش، هاوبەشەکانمان لە عێراق دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گرتنەوەی موسڵیان راگەیاند. ماوەیەکی زۆر بوو بە نیازی دەستپێکردنی جەنگی موسڵ بووین، بەڵام (بەر لە دەستپێکردنی جەنگەکە) دەبوایە هاوبەشەکانمان کاتیان لەبەردەست بێ بۆ ئەوەی توانایی سەربازی خۆیان پەرەپێبدەن، پلان دابڕێژن، هێزی گونجاو و شیاو ئامادە بکەن و جێگیریان بکەن، هەروەها سەیرێکی ئەو وانە و ئەزموونانەش بکەنەوە کە لە جەنگەکانی دیکەی دژی داعش وەریانگرتوون.
لە کاتێکدا هاوبەشەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی داعش بەسەر موسڵدا هەنگاو دەنێن، من و ژان یڤس لودریان، وەزیری بەرگریی فەرەنسا، لەگەڵ وەزیرانی بەرگری 11 وڵاتی دیکە کۆبوونەوەیەکمان پێکهێنا، کە تێیدا وەزیرانی بەرگری ئوسترالیا، بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، ئیسپانیا و بەریتانیا بەشداربوون، واتە ئەو وڵاتانەی بەشدارە سەرەکییەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش پێکدەهێنن.
ئەمە پێنجەم کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و سێیەم کۆبوونەوەی ئەم گرووپە بچووککراوەیەیە. ئەمجۆرە کۆبوونەوانە کە بە شێوەی رووبەڕوو بەڕێوەدەچن، رێگە بۆ گفتوگۆیەکی کراوە خۆش دەکەن، هەروەها دەرفەتێکیش دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی ئاراستەیەک بۆ کۆبوونەوە وەزارییەکانی دیکەی هاوپەیمانێتی دژی داعش دابنرێت، کە ژمارەیەکی زیاتر لە وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکە لەخۆدەگرێت.
لە کۆبوونەوەکەی پێشوومان لە پاریس لەسەر پلانێکی هاوبەش بۆ هەڵمەتێکی سەربازی رێککەوتین، کە تێیدا فۆکەس خرابوویە سەر سێ خاڵ: یەکەمیان لەنێوبردنی تومۆری داعش لە عێراق و سووریا بوو، چونکە هەرچی زووتر کۆتایی بە داگیرکاری داعش لەو دوو وڵاتە بهێنین، واتە هەرچی زووتر واقیع و بیرکردنەوەی دەوڵەتی ئیسلامی تێکبشکێنین (کە لەسەر ئایدیۆلۆجیایەکی دڕندە دامەزراوە)، وڵاتەکانی خۆشمان پارێزراوتر دەبن.
ئەمە پێویستە، بەڵام بەس نییە. بۆیەش ئامانجی دووەممان بەرەنگاربوونەوەی خانەکانی شێرپەنجەی داعشە، جا لە هەر شوێنێکی جیهان بێ؛ واتە لە ئەفغانستان، لە لیبیا و هەر شوێنێکی دیکە. ئامانجی سێیەممان کارکردنە لەگەڵ دەزگاکانی هەواڵگری، ئاسایشی نیشتمانی و دەزگا ئەمنییەکان، بۆ ئەوەی وڵات و گەلی خۆمان بپارێزین.
هاوکات لەسەر رێکارێکی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی تواناکانی هێزە خۆجێیە بەتوانا و خاوەن ورەکان رێککەوتین، چونکە ئەمە تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەوە بکەین داعش بۆ ماوەیەکی درێژخایەن تێکدەشکێت. ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەڵمەتەکەی خۆمان (لە دژی داعش) خێراتر بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە دەرفەتە نوێیەکان وەردەگرین، واتەزانیاریی هەواڵگری نوێ، هاوبەشە مەشقپێکراوەکانمان و هێرشەکانی دژی سەرکردەکانی داعش، ژێرخانی و دارایی ئەو رێکخراوە. هەموو ئەمانە هەلی نوێیان بۆ رەخساندووین کە دەبێ بۆ بەهێزکردنی کاریگەری سەرکەوتنەکانمان بەکاریان بهێنین.
هەرکاتێک دەرفەتی خێراترکردنی هەڵمەتەکانمان هەبووبێ، ئەمریکا و هەموو هاوبەشەکانی ئێمە قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە. بەشداری هەموو هاوبەشەکانی نێو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکە گرنگ بووە، چ ئەوانەی هێرشی ئاسمانییان کردووە، چ ئەوانەی راهێنەری زیاتری هێزەکانی پۆلیسیان ناردووە یان لە بەهێزکردنی بەشەکانی دیکەدا بەشدار بوون.
کۆتایی هەفتەی پێشوو لە عێراق بووم و یەکسەر تێبینی ئەوەم کرد کە هەڵمەتەکە رێک بەپێی ئەو پلانە بەرەوپێش دەچێ کە لە ماوەی یەکساڵی رابردوودا داماننابوو.
کاتێک لە عێراق بووم، لە بەغدا چاوم بە سەرۆکوەزیران عەبادی کەوت و لە هەولێریش چاوم بە بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کەوت. ئەوان باشترین هاوبەشی ئێمەن. لە هەرێمێکدا کە لێوانلێوە لە تایفەگەری، ئەوان ناکۆکییەکانی خۆیان بەلاوە ناوە و لە دژی دوژمنێکی هاوبەش یەکیان گرتووە. رۆژی یەکشەممە لە هەولێر لەگەڵ فڕۆکەوانەکانی هەلیکۆپتەری جەنگیی سوپای عێراق کۆبوومەوە، کە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانەوە هێرش دەکەنە سەر داعش. هەروەها لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە سەرباز و هێزە ئەمنییە بریندارەکانی سوپای عێراق لە نەخۆشخانەکانی کوردستان چارەسەر دەکرێن. هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەش بە بەرەکان و سنوورەکانی یەکدیدا هاتووچۆ دەکەن.
ساڵێک لەمەبەر هیچ کەسێک نەیدەتوانی بیر لە هاوکارییەکی لەم ئاستەدا بکاتەوە. هەر بۆیەش بە هۆی ئەو یەکڕیزییەی پێی گەیشتوون و بە هۆی سەرکردایەتی کردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، دەمەوێ ستایشی سەرۆکوەزیرانی عەبادی و سەرۆک بارزانی بکەم.
ئەوەی پەیوەندی بە هاوپەیمانانەوە هەبێ، ئێمە هەموو توانا و هێزی خۆمان بۆ ئەم هەڵمەتەبەکاری دەهێنین، واتە ئاپاچی، هیمراس، هێرشی ئاسمانی، پشتیوانی لۆجیستیکی، هاوکاریی هەواڵگری، مەشق و راهێنانی هێزە هاپەیمانە خۆجییەکانمان. هەروەها هێزە تایبەتەکانمان لە راوێژ و یارمەتی و هاوکاری ئەو هێزە خۆجێیانە بەردەوام دەبن.
هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لە ماوەی 90 رۆژی رابردوودا سەرکردەکانی داعش لە موسڵ لەنێوبردووە، لەم ماوەیەشدا زیاتر لە 35 فەرماندەی داعش کراونەتە ئامانج، کە هەندێکیان پۆستی باڵاشیان هەبووە.
حاڵی حازر، تۆپخانەی هاوپەیمانە خۆجێیەکانمان دەتوانن ناو موسڵ بپێکنن، بەمەش هێز و کاریگەری هێرشەکانمان لەسەر شارەکە زیاتر بووە. هەموو رۆژێکیش ناوچەی نوێ لە ژێر کۆنترۆڵی داعش دەردەکرێ، ئەمەش وادەکات هێزەکانی هاوپەیمانان پانتاییەکی جوگرافی زیاتریان بەدەستەوە بێ بۆ ئەوەی چالاکی تێدابکەن و لە چەقی دەسەڵاتی داعش لە نێو موسڵ نزیکتر بکەوینەوە.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانم بڵێم دڵخۆشم بەو ئەنجامەی تاوەكو ئێستا لە ئۆپەراسیۆنی موسڵدا دەستمان خستووەـ ئۆپەراسیۆنەکە بە پێی پلان بەرەو پێش دەچێ و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە هەر کامیان رۆڵی خۆیان دەبینن.
ئەگەرچی هەموو ئەمانەشمان لەبەرچاوە، بەڵام بەم حاڵەشەوە دەزانین جەنگی موسڵ، جەنگێکی سەخت دەبێ، راستییەکەی ئەوەیە، لەگەڵ بەردەوامی جەنگەکە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاوبەشەکانمان لە ناوەڕاستی شارەکە، بەرگری داعشیش زیاتر دەبێ. بەڵام دڵنیام هێزە ئەمنییەکانی عێراق سەرکەوتوو دەبن.
هەرچەندە موسڵ بابەتی سەردێری هەواڵەکانە و ئۆپەراسیۆنێکی گرنگیشە، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە تاکە ئۆپەراسیۆن نییە کە بەڕێوەیە. بێجگە لە موسڵ، داعش لە رەققەش ناوەندی دەسەڵاتی هەیە، لەوێش هاوبەشە خۆجێیەکانمان کۆتایی بە کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی داعش دەهێنن. بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە و هاوبەشەکانمان دەستمانکردووە بە دانانی بناغەی ئۆپەراسیۆنی دابڕاندنی رەققە.
ئەو هێزانەی رەققە کۆنترۆڵ دەکەنەوە دەبێ هێزی خۆجێی بن، وەکوو چۆن لە موسڵ و لە هەموو شوێنەکانی دیکەی کەمپینی دژی داعش هێزە خۆجێیەکان کۆنترۆڵی ناوچەکانیان کردووەتەوە ـ ئەم خاڵە بۆ تێکشکاندنی داعش بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ گرنگە.
دواتر، ناوچە سنوورییەکانی تورکیا هەن، کە ماوەیەکی زۆرە ویستوومانە لەوێش داعش لە کۆڵ بکەینەوە. هەفتەی پێشووش لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان، سەرۆک وەزیران یڵدرم و وەزیری بەرگریی تورکیا باسی ئاسایشی ئەو ناوچانەمان کرد.
ئەمە نەک هەر بۆ ئاسایشی تورکیا، واتە هاوپەیمانی خۆمان لە ناتۆ، گرنگە، بەڵکو بۆ ئاسایشی هەموو ئەوروپاش گرنگە. ئامانجی ئێمە لەو ناوچەیە ئەوەیە رێگە لە هاتوچۆی چەکدارە بیانییەکان بگرین، چونکە ئەو چەکدارانە هەڕەشە لەسەر تورکیا و هەموو وڵاتەکانی دیکە دروست دەکات.
هەر بۆیەش لەگەڵ هاوبەشە تورکەکانمان، لەوەش گرنگتر لەگەڵ هێزە خۆجێیەکان، کارمان کرد بۆ ئەوەی نەک هەر سنووری تورکیاـسووریا لە جەرابلۆسەوە بۆ مەعرا بپچڕێنن، بەڵکو کاریشمان کرد بۆ ئەوەی شارۆچکەکانی وەکوو دابقیش کۆنتڕۆڵ بکرێنەوە، کە داعش پێشتر رایگەیاندبوو ئەو ناوچەیە شوێنی جەنگێکی یەکلاییکەرەوە دەبێ.
ئەوجار ناوچەکانی نیوان رەققە و موسڵیش هەیە، لەوانەش دۆڵ و ناوچەکانی نێوان دیجلە و فوڕات. هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێ لە دەستنیشانکردن و هاوکاریکردنی هاوبەشە خۆجێیەکان، بۆ ئەوەی ئەوان لەو ناوچانە شکست بە داعش بهێنن.
ئەوەی پەیوەندی بە داهاتووەوە هەبێ، ئەگەرچی بێگومان تێکشکانی داعش لە رەققە و موسڵ داعش دەخاتە سەر رێگای شکستێکی درێژخایەن، بەڵام زۆر شتیش هەیە کە دەبێ پاش شکست هێنانی داعش بکرێ.
یەکەم: پێویستە مەشق و دابینکردنی پێویستییەکانی پۆلیس، پاسەوانەکانی سنوور و هێزەکانی حەشدی شەعبی پارێزگای موسڵ بگەیەنینە قۆناغی کۆتایی، بەمەش یارمەتی ئەو هێزانە دەدەین بۆ ئەوەی بتوانن دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکە خۆیان بتوانن شارەکە رابگرن.
کاری هەرە گەورەی حکومەتی عێراق ئەوەیە کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو وڵاتدا بەهێزتر بکات. هەر بۆیەش هاوپەیمانان دەبێ ئامادەیی ئەوەیان تێدا بێ کە ئەگەر حکومەتی عێراقی داوای هاوکاری کرد ئەوان درێژە بە مەشق، دابینکردنی پێداویستییە سەربازیی و لۆجیستیکییەکان، هاوکاری هەواڵگری، هاوکاری هێزەکانی دژەتیرۆر بدەن.
دووەم: دەبێ یارمەتی بگەیەنینەخەڵک، شارەکان بنیات بنرێنەوە، خزمەتگوزارییەکان چاکبکرێنەوە و خەڵک بگەڕێنرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. هەروەها دەبێ پشتگیرییەکی سیاسیش لە عێراق بکرێ، کە وڵاتێکە لەڕووی تایفییەوە پێکهاتەیەکی فرەیی هەیە. ئەم پشتگیریانە سەربازی نین، بەڵکو بەشێکن لە هەوڵەکان بۆ ئەوەی دوای سەرکەوتن لە جەنگی مووسڵدا بتوانن لە پاراستنی ئاشتیشدا سەربکەوین.
هەر بۆیەش ناشێ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری، ئاوادانکردنەوە و حوکمڕانی بۆ دوای پێشکەوتن و سەرکەوتنە سەربازییەکان دوابخرێن، هەڵبەت لە بەغدا و لە دیدار لەگەڵ نوێنەری کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و هەماهەنگیکاری حکومەتی عێراق بۆ هاوکارییە مرۆیی و فریاگوزارییەکانیش جەختم لەسەر ئەم خاڵە کردووەتەوە.ئەوەی گرنگە ئەوەیە گەرەنتی ئەوە بکەین کە کاتێک داعشمان تێکشکاند بە تێکشکاوی بمێنێتەوە و نەتوانێ هەڵسێتەوە.
هەربۆیەش گرنگە هاوپەیمانان تەنانەت دوای دەرکردنی داعش لە رەققە و مووسڵ بەردەوامی بە ئامادەیی و بەشداری سەربازی خۆیان بدەن. چونکە ئێستا کاتی لەدەستدانی فۆکەس نییە.
ئێستا دەزانین کۆتایی ئەم جەنگە لە عێراق و سووریا چی دەبێ، بۆیەش نەک هەر دەبێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی گەڕانەوەی چەکدارە بیانییەکان بۆ وڵاتانی رۆژئاوا ئامادە بین، بەڵکو دەبێ ئامادەش بین بۆ ئەوەی رێگە نەدەین داعش بە وەرگرتنی فۆرمێکی نوێ جارێکی دیکە خۆی زیندوو بکاتەوە. ئێمە ناتوانین بە تەواوەتی پێشبینی بکەین داعش پاش شکستهێنانی لە عێراق و سووریا چی دەکات، رەنگە خۆی بۆ تۆڕێکی تیرۆریستی بگۆڕێ کە بە هەموو جیهاندا بڵاودەبێتەوە، لەوانەشە وەکوو هەیکەلی رێکخراوێک بمێنێتەوە و لە بیابانەکاندا چاوەڕێی ساتەوەختی سەرهەڵدانەوە بکات، یان لەوانەیە ببێ بە بزووتنەوەیەکی توندڕەوی توندوتیژ کە لە کەلێن و قوژبنە نادیارەکانی ئینتەرنێتدا بە دزییەوە چالاکی بکات. بۆیە دەبێ بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بین.
هەڵبەت لە دەرەوەی عێراق و سووریاش، ئێمە بەرەنگاری داعش دەبینەوە، لە لیبیا دەسەڵاتی داعش لە شاری سیرتە بۆ یەک گەڕەک بچووک کراوەتەوە، لە ئەفغانستانیش دوو ئۆپەراسیۆنی گەورەمان لە دژی داعش ئەنجامداوە؛ ئێمە هێرشی قورسمان کردووەتە سەر داعش و هێرشی دیکەشیان دەکەینەسەر.
جیا لە هەموو ئەمانە، حکومەتەکانی ئێمە و هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ ئەوەی ئاسایشی وڵاتەکانیشمان بپارێزین.
بۆیەش دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆمان بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنم، هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی رێگەی زیاتری دیاریکردووە بۆ ئەوەی هەڵمەتی تێکشکانی داعش خێراتر بکات و شکستەکەی داعشیش بکات بە شکستێکی درێژخایەن، هەروەها ئەو جۆرە بەشدارییەشمان دەستنیشانکردووە کە پێویست بیکەین.
هەروەها لەسەر ئەوەش رێککەوتین کە بەردەوامی بە هاوپەیمانێتییەکە و پابەندییەکانی خۆمان بدەین ـ ئەمەش نەک هەر بۆ ئەوەی یارمەتی عێراقییەکان بدەین لەم جەنگەدا سەربکەون، بەڵکو بۆ ئەوەش کە یارمەتییان بدەین لە پاراستنی ئاشتیشدا سەرکەوتوو بن. هەرچۆنێک بێ، ئێمە ناتوانین پێشبینییەکی تەواو بکەین کە ئاخۆ دوای تێکشکاندنی داعش لە عێراق و سووریا چی روودەدا، هەر بۆیەش دەبێ بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەبین و لەسەر کاری پێکەوەیی و هاوبەش بەردەوام بین. چونکە دڵنیام ئەگەر وابکەین دەتوانین داعش تووشی شکستێکی درێژخایەن بکەین، واتە ئەو شکستەی کە داعش شایانییەتی.
رووداو
