ئەشواق جاف: حكوومەتی عیراق هیچ داوایەكی فەرمی لە كوردستان نەبووە
ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عیراقی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: "پرۆژەی بوودجەی ساڵی 2017ی عیراق لە پەرلەمانی عیراق دایە و ڕاپۆرتی لەسەر دەنووسین كە كۆپیكراوی هەمان پرۆژە یاسای ساڵی 2016یە و هیچی تێدا نەگۆڕاوە."
لەبارەی پابەندییەكانی حكوومەتی هەرێم بە داواكارییەكانی عیراق ئەشواق جاف گوتی: "ئەوە هەرێمی كوردستان نییە كە پابەند نەبووە، بەڵكوو حكوومەتی عیراق هیچ داواكارییەكی لە حكوومەتی هەرێم نەبووە، كاتێك حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق داواكاری لە هەرێم هەبوو داوامان كرد بە نووسراوی فەرمی پێمان بدەن تاكوو بیگەیەنن، كەچی تا ئێستا ئەو داواكارییە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ ئێمەش وەك نوێنەرانی كورد نەهاتووە."
لەبارەی پابەندی هەرێمەوە بە بەندی 10ی پرۆژەیاساكە تایبەت بە پێدانی نەوت بە عیراق، ئەشواق جاف ڕوونی كردەوە كە "هەمان ئەو بەندە یاساییە ڕێگامان بۆ دەكاتەوە ئەگەر حكوومەتی عیراقی %17ی پشكی هەرێمی نەنارد، هەرێمی كوردستان ئازادە لە مامەڵەی سەربەخۆ بە دۆسیەی نەوتەوە."
باسنیوز
