داعش لە سێ قۆڵەوە هێرش دەکاتە سەر روتبە و هێزە عێراقییەكان داوای هاوکاریی بەپەلە لە سەرۆک وەزیران دەكەن
عیماد دلێمی، قایمقامی شارۆچکەی روتبە لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکانی داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە بەپەلە هیزێکی سەربازیی بنیرێتە شارۆچکەکە.
بە گوتەی عیماد دلێمی، لە سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2016، چەکدارانی داعش لە سێ قۆلەوە هێرشیان کردووەتە سەر شارۆچکەکە و هێزە عێراقییەکان و چەکدارە عەشایرییەکان رووبەڕوویان بوونەتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنیوز
