ئێران: راستەوخۆ بەشداریمان لە شەڕی موسڵ نەکردووە
گەورە راوێژکاری رێبەری کۆماری ئێران رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی راستەوخۆ بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا نەکردووە و دەڵێت "جگە لە عێراق هیچ وڵاتێکی دیکە بۆی نییە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بکات".
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، گەورە راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند: "تەنیا گەل و حکومەتی عێراق مافی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنیان لە موسڵ هەیە و جگە لە عێراق هیچ وڵاتێکی دیکە مافی ئەوەی نییە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا بکات".
راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران بۆ سیاسەتی دەرەوە دەڵێت: "هەندێک وڵات، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە حکومەتی عێراق هێزی ناردووە بۆ ئەو وڵاتە. ئەمە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ئەم وڵاتانە، بۆ بەدەستهێنانی میرات لە داهاتووی عێراقدا ئەم کارەیان کردووە."
ویلایەتی رەتیکردەوە وڵاتەکەی راستەوخۆ بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا کردبێت بە تانکی T72 و مووشەکەکانی شەهاب و فەجر و گوتی: "ئێران هەرگیز راستەوخۆ نایەتە ناو ئەم بابەتەوە. ئێران، لەسەر خواستی حکومەتی بەغداد، هاریکاری و راوێژی پێشکەشکردووە و هیچکات دەستێوەردانی لە ناوخۆی عێراق نەبووە و نەیکردووە، بەڵام درێخی ناکەین لە یارمەتیدانی عێراق."
Rudaw-
