نوجێفی: پەكەكە لە سنووری پارێزگای نەینەوا دووردەخەینەوە

 نوجێفی: پەكەكە لە سنووری پارێزگای نەینەوا دووردەخەینەوە
ئەسیل نوجێفی فەرماندەی هێزەكانی حەشدی نیشتیمانی رایگەیاند رێگە بەهیچ هێزێكی بیانی لەوانەش حەشدی شەعبی و پەكەكە نادەن بەشداریی شەڕی رزگاركردنەوەی شاری موسڵ بكەن.

نوجێفی لە لێدوانێكیدا رایگەیاند كە وادەی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی شاری موسڵ لە دەست داعش نزیك بووەتەوە و تەواوی ئامادەكارییەكانیش كراون.

فەرماندەی هێزەكانی حەشدی نیشتمانی ئاماژەی بەوەش كرد كە رێككەوتن كراوە لەسەر چۆنیەتی رزگاركردنەوەی شاری موسڵ؛ بەوەش هێزەكانمان و سوپای عێراق بەشدار دەبن و هاوپەیمانان و پێشمەرگەش پاڵپشتیی دەكەن و ناچنە نێو شاری موسڵەوە.

ئەسیل نوجێفی گوتیشی هەندێك هێزی توندڕەو پلانیان داناوە كە لەمپەر بخەنە بەردەم ئۆپەراسیۆنەكە، لەوانەش حەشدی شەعبی و پەكەكە؛ بەڵام رێگە نادەین ئەو هێزانە لە سنووری شارەكە نزیك ببنەوە.

فەرماندەی حەشدی نیشتیمانی گوتیشی دەبێت پەكەكە بە زووترین كات لە سنوورەكانی پارێزگای نەینەوا بكشێتەوە؛ ئەگەر نا ناچار دەبین بە هێزی سەربازی دووریان بخەینەوە.









باسنیوز
Top