عه‌بادى داوا له‌ توركيا ده‌كات پشتيوانى سه‌ربازى عێراق بكات

عه‌بادى داوا له‌ توركيا ده‌كات پشتيوانى سه‌ربازى عێراق بكات


كردنه‌وه‌ى سه‌ربازگه‌يه‌كى توركيا له‌ نزيك مووسڵ بووه‌ته‌ يه‌كێكه‌ له‌ گرفته‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى كۆنترۆڵكردنى مووسڵ و سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى ره‌تيده‌كاته‌وه‌ رێگه‌ به‌ مانه‌وه‌ى هێزه‌كه‌ى توركيا بدات و له‌ به‌رامبه‌ريشدا توركيا پێداگيرى له‌سه‌ر به‌شداريكردنى له‌ شه‌ڕى مووسڵ ده‌كات.

له‌ لايه‌ن خۆيه‌وه‌ وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌فين دزه‌يى له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا رايگه‌ياند, هاتنى ئه‌و هێزه‌ بۆ ناو خاكى عێراق به‌ ئاگادارى وه‌زيرى به‌رگرى عێراق بووه‌.

له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ره‌وته‌ شيعييه‌كان دژى مانه‌وه‌ى سوپاى توركيا له‌ هه‌وڵدان و له‌ ئاستى ميليش ره‌وته‌كانى شيعه‌ شه‌قاميان له‌ دژى سياسه‌ته‌كانى توركيا و مانه‌وه‌ى هێزه‌كه‌ى له‌ عێراق جوڵاندووه‌ و له‌ نوێترين كاردانه‌وه‌ى شه‌قاميشدا له‌ به‌سره‌ ئاڵاى توركيا له‌ به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ى ئه‌و شاره‌ سووتێنرا و له‌ به‌رده‌م باڵيۆزخانه‌ى ئه‌و وڵاته‌ش له‌ به‌غدا خۆپيشاندان سازكرا.

هاوكات چه‌كدارانى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى رايانگه‌ياندووه‌, ئه‌وان وه‌ك دوژمن و داگيركار ده‌ڕواننه‌ هێزه‌كه‌ى سوپاى توركيا.

ئه‌و هێزه‌ى سوپاى توركيا له‌ باشيكه‌ى نزيك مووسڵ سه‌ربازگه‌يه‌كيان كردووه‌ته‌وه‌ بۆ مه‌شق و راهێنانى چه‌كدارانى حه‌شدى وه‌ته‌نى كه‌ له‌ خه‌ڵكى مووسڵ و هۆزه‌ سوننيه‌كان پێكهێنراوه‌.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا تارق هاشمى كه‌ به‌ هۆى ده‌ركردنى سزاى له‌سێداره‌دان له‌ دژى، له‌ سه‌رده‌مى كابينه‌ى نورى مالكييه‌وه‌ عێراقى به‌ره‌و توركيا به‌جێهێشتووه‌، له‌ لاپه‌ڕه‌ى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووك نووسيويه‌تى: درۆ بووه‌ته‌ پيشه‌سازييه‌كى به‌ بره‌و له‌ ئه‌مڕۆى عێراقدا به‌ تايبه‌تى له‌ ئاستى ده‌سته‌بژێرى سياسى ده‌سه‌ڵاتدار، حكومه‌ت ده‌ڵێت ئه‌و هێزه‌ى توركيا كه‌ بۆ مه‌شق و راهێنان هاتووه‌ته‌ باشيكه‌ به‌ بێ ره‌زامه‌ندى ره‌سمى هاتووه‌، به‌ڵام ڤيديۆيه‌ك كه‌ تايبه‌ته‌ به‌ سه‌ردانى حه‌يده‌ر عه‌بادى بۆ ئه‌نقه‌ره‌ و له‌ مانگى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 2014 تۆمار كراوه‌، عه‌بادى داوا له‌ توركيا ده‌كات، له‌ رووى هێز و پشتيوانى سه‌ربازى له‌ عێراق بكات.
k24-
Top