نازم هه‌ركى: به‌شداریكردنى په‌كه‌كه له شه‌ڕى ڕزگاركردنى موسڵ پێچه‌وانه‌ى ڕێككه‌وتنه‌كانه
نازم هه‌ركى، جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوخۆ وئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان له په‌رله‌مانى كوردستان، له‌باره‌ى بوونى هێزه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان له نزیك موسڵ و به‌شدارى كردنیان له شه‌ڕى ڕزگاركردنى ئه‌و شاره‌وه، به ئاژانسى (باسنوز)ـى ڕا گه‌یاند :" به‌شدارى كردنى ئه‌و هێزه، پێویستى به بڕیارێكى سیاسییه، چونكه هێزى په‌كه‌كه هێزێكى فه‌رمی نییه".
له وه‌ڵامى پرسیارێك كه ئایا به‌شداریكردنى هێزى په‌كه‌كه له شه‌ڕى موسڵ، له گفتوگۆكانى نێوان به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقی فیدڕاڵ، باسكراوه، گوتى :" به پێی زانیارییه‌كانم وه‌كو جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوخۆ و ئاسایش، تائێستا باسى ئه‌و هێزه نه‌كراوه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، كه شه‌ڕى موسڵ، له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌وه ده‌كرێت كه بریتین له هێزه فه‌رمییه‌كانى وه‌كو سوپای عێراق، هێزى پێشمه‌رگه، حه‌شدى عه‌شایه‌رى، شه‌ڕه‌كه‌ش له چوارچێوه‌ى وڵاتێكدا ده‌بێت كه ده‌ستوورى هه‌یه و زلهێزه‌كان به‌شدارى شه‌ڕه‌كه ده‌كه‌ن و به فه‌رمى مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، گوتیشی :" هێزى په‌كه‌كه له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دایه".
ڕوونیشی كرده‌وه، كه هه‌ر هێزێك له چوارچێوه‌ى ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دا نه‌بێت و به‌شدارى ئه‌و شه‌ڕه بكات، ئه‌وه پێچه‌وانه‌ى ڕێككه‌وتنه‌كانه و كاریگه‌رى خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر پرۆسه‌كه.
ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه بوونى ئه‌و هێزه كاریگه‌رى زۆرى هه‌یه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان توركیا و عێراق و ئه‌و ئاڵۆزییه‌ى ئێستا له په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوودا درووست بووه.
له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا له مانگى شوبات، پارتى كرێكارانى كوردستان به فه‌رمى به‌شداریكردنى هێزه‌كانیان له شه‌ڕى ڕزگاركردنى موسڵ، ڕاگه‌یاند .
Bas News-
