فەرماندەیەکی هاوپەیمانان له عێراق: سەرکردەکانی داعش دەستیان کردووە بە جێھێشتنی مووسڵ

فەرماندەیەکی هاوپەیمانان له عێراق: سەرکردەکانی داعش دەستیان کردووە بە جێھێشتنی مووسڵ


عەمید "دەیڤ ئاندرسۆن" فەرماندەی بەرپرس لە بەرنامەی مەشق و راھێنان لە عێراق کە سەربە ھاوپەیمانێتی دژبە داعشە بە رابەرایەتی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد لە کاتێکدا ئامادەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ کۆتایی ھاتووە سەرکردەکانی داعش دەستیان کردووە بە جێھێشتنی شارەکە.



ئاندرسۆن، لە بەغدا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە وەڵامی پرسیارەکانی راگەیەندنکارانی دایەوە لە واشنتۆن سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ.



ئاندرسۆن باسی لەوە کرد کە ئامادەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ کۆتایی ھاتووە و، گوتی: "دەبینین کە سەرکردەکانی داعش دەستیان کردووە بە جێھێشتنی شارەکە، لەبەرئەوەی دەزانن لە چی نزیک بوونەتەوە و مووسڵ لەدەست دەدەن".



ھەروەھا ئاندرسۆن باسی لەوە کرد کە دەستیان کردووە بە راھێنانی ئەو لیوایانەی سوپای عێراق بۆ ماوەی سێ ھەفتە، کە بەشداری لە ئۆپەراسشیۆنەکەی مووسڵدا دەکەن و، گوتی: "تا ئێستا مەشق و راھێنان بە ١٢ لیوا کراوە کە ژمارەی سەربازانیان لەنێوان ٨٠٠ بۆ ھەزار و ٦٠٠ سەربازدایە، لەگەڵ ئەوەشدا مەشق و راھێنانیان بە ھەشت ھەزار پۆلیسی نەینەوا و ١٠-١٢ ھەزار لە ھێزە ناوخۆییەکان کردووە".



ئاندرسۆن ئەوەشی خستەڕوو کە لەسەرەتای دەستپێکردنی بەرنامەکەوە لە ٢٠١٥ەوە تا ئێستا راھێنانیان بە ٥٤ ھەزار ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە، بۆ ئەوەش بڕی یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاریان خەرج کردووە.



ھاوکات ئاندرسۆن ئاماژەی بەوە کرد کە پاش رزگارکردنی مووسڵ، ٣٠ ھەزار بۆ ٤٠ ھەزار سەرباز ئاسایشی شارەکە دەستەبەر دەکەن.



لە وەڵامی پرسیارێکدا ئاندرسۆن باسی لەوە کرد کە بەدواداچوونیان بۆ ئەو ھەواڵانە کردووە کە باس لەوە دەکەن ھێزەکانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە رابەرایەتی ئەمریکا، بە ھەڵە ھێرشیان کردبێتە سەر ھێزەکانی سەربە ھۆزە سوننەکان و لێکۆڵینەوەیان لەوبارەیەوە دەستپێکردووە.



لە ئەنجامی بە ھەڵە بۆردومانی ھێزەکانی سەربە حەشدی عەشایری کە ھۆزە سوننەکانی عێراق پشتیوانیان دەکەن لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شاری مووسل، ٢٠ کەس کوژران.
Payamner-
Top