ویلایەتی: ئێران بەشداریی شەڕی موسڵ ناکات

ویلایەتی: ئێران بەشداریی شەڕی موسڵ ناکات



سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی باڵای دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران ڕایگەیاند ئێران ڕۆڵی ڕاوێژکاری سەربازی لە عێراقدا ھەیە و بەشداریی ڕاستەوخۆی شەڕی موسڵ ناکات.



ئاژانسەکانی ھەواڵی ئێران بڵاویان کردەوە، لە چوارچێوەی دیدارێکدا لەگەڵ شاندێکی یەکێتی ئەوروپا، "عەلی ئەکبەر ویلایەتی" سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە ئەنجومەنی باڵای دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران ڕایگەیاند ڕۆڵی ئێران لە ناو عێراق ڕاوێژکارییە و ھاتنیان بۆ عێراق لەسەر داوای حکومەتی بەغدا و خەڵکی ئەو وڵاتەیە.



ویلایەتی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وێڕای ڕەتکردنەوەی بەشداریی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ وتی، وڵاتەکەی بە ھیچ شێوەیەک بەشداریی ڕاستەوخۆ لە شەڕ و پێکدادانەکانی عێراق و وڵاتانی دیکەدا ناکات.



ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بە ڕەوانەکردنی ڕاوێژکاری سەربازی بۆ عێراق بەشداری لە شەڕی دژ بە تیرۆر دەکات و ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ گواستنەوەی ئەزمونەکانی خۆیان بۆ حکومەت و ھێزەکانی عێراق.
Payamner-
Top