گوتەبێژی نووسینگەی عەبادی : لادانی وەزیرەکان زیانی بە حکوومەت گەیاندووە

 گوتەبێژی نووسینگەی عەبادی : لادانی وەزیرەکان زیانی بە حکوومەت گەیاندووە
گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، پڕکردنەوەی شوێنی وەزیرە لادراوەکان کارێکی ئاسان نییە و کاتی پێویستە.

ئەمڕۆ دووشەممە 3\10\2016، سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد: “میکانیزم و شێوازی لێپێچینەوە لە وەزیرەکان و سەندنەوەی متمانە لێیان لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە، لە ڕووی ئەمنی، ماددی و خزمەتگوزاری، زیانی بە حکوومەت گەیاندووە”. دووپاتیشی کردەوە: “پەرلەمان بۆی نییە لە ماوەی دوو هەفتەدا وەزیرە بنەڕەتییەکانی حکوومەت لە کار دوور بخاتەوە”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پێشنیازکردنی ناوی نوێ بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی وەزارەتەکان کارێکی ئاسان نییە. گوتیشی: “پێشنیازکردنی ناوەکان پێویستی بە دانوستان و ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان کوتلەکانی پەرلەمان هەیە”.

ئەمە لەکاتێک دایە کە پێشتر جاسم محەمەد جەعفەر، ئەندامی ھاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاندبوو: "حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سێ کەسی بۆ وەزارەتەکانی، بەرگری، بازرگانی و پیشەسازی، دیاریکردووە و لە ھەفتەی داھاتوودا ناوەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنێردرێن".

لەبەرامبەردا حاکم سەرحان سلێڤانەیی، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "بۆ پەسەندکردنی وەزیری وەزارەتەکان، دەبێت ناوەکان بێنە ئەنجومەنی نوێنەران و لەوێ پەسەند بکرێن". گوتیشی: "دەبێت ڕێککەوتنی سیاسیش بکرێت".











باسنیوز
Top