تائێستا مانگانە 100 هەزار دۆلار بۆ نووسینگەی مالیکی خەرج دەکرێت
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی عێراق کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە، بە ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی جەدید)ی ڕاگەیاندووە، تاوەکوو ئێستا، مالیکی کۆشکی سەرۆکایەتی کە پێشتر تێیدا نیشتەجێ بوو، ڕادەست نەکردووەتەوە و (ئەحمەد)ی کوڕی و (ئیسرا)ی کچی گەورەی، لە خانووی نێو ناوچەی سەوزی شاری بەغدا دەژین کە حکوومەتی عێراق کرێی خانووەکان دەدات و پاسەوان و ئۆتۆمبێلی دەوڵەتیشیان بۆ دابین کراوە.
ئەو بەرپرسە ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە هێشتا مانگانە بڕی 125 ملیۆن دیناری عێراقی کە دەکاتە نزیکەی 100 هەزار دۆلاری ئەمریکی، بۆ مالیکی خەرج دەکرێت کە 36 هەزار دۆلار مووچەی کەسیی مالیکییە، ئەو پارەیەی دیکەش مووچەی پاسەوانە کەسییەکانیەتی کە 30 کەسن، جگە لەوەی فەوجێکی سوپای عێراقیش بۆ پاسەوانیکردن لە مالیکی تەرخان کراون کە مووچەی مانگانە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق وەردەگرن. دەشڵێت: “سەرەڕای ملیۆنەها دیناری دیکە کە بە مەبەستی میوانداری و مەترسی و گەشتکردن بۆ مالیکی خەرج دەکرێت و ساڵانە دەگاتە ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری عێراقی کە نزیکەی ملیۆنێک و 250 هەزار دۆلار دەکات”.
باسنیوز
