ئەمەریکا زەنگی ئازادکردنەوەی مووسڵی لێ داوە

 ئەمەریکا زەنگی ئازادکردنەوەی مووسڵی لێ داوە
ئەگەرچی داعش دەیەوێ خۆی لە مووسڵدا قایم بکات و دەستی کردووە بە هەڵکۆڵینی خەندەق و دانانی پەرژین (ساتر)؛ لە کۆشکەسپییشدا زەنگی شەڕی گرتنەوەی مووسڵ لێ دراوە و ئیدی ئاماژەکان بەرەو مووسڵن.

ئەم مانگە مانگی ڕووداوەکانی مووسڵە، شارێک بایەخێکی جیهانی و ستراتیژیکی هەیە، چونکە بووەتە سەرچاوەیەکی مەترسیدار بۆ تیرۆر و لە ناوچەکەیشدا هەم بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیا و سووریا و سعوودیا و دەوڵەتانی دیکەی سوننەکان، مانایەکی ئەمنی و ستراتیژیکی هەیە.

هەندێ لە شارەزایانی سەربازیی جیهان پێوەست بە مووسڵ دوودڵن کە ئاخۆ ئەو ملیۆنە خەڵکەی بن دەستی داعش، چییان لێ بەسەر دێ؛ ئاخۆ بەرگرییەکەی داعش چۆنە! ژەنەراڵ ولیام مۆڵن لە شارەزا سەربازییەکانی ئەمەریکا دەڵێ، پلانی عێراق بۆ گرتنەوەی مووسڵ مایەی دوودڵییە؛ شارەزا سەربازییەکانی دیکەی ئەمەریکا باوەڕیان بە پێشمەرگەیە کە بتوانێ گورزی پێویست و گورچکبڕ لە داعشەکانی نێو مووسڵ بوەشێنێ.

بە گوێرەی پێگەی دەیەلی‌پرۆگرێس، ئۆباما ئۆقرەی نەماوە بۆ گرتنەوەی مووسڵ و گوشاری خستووەتە سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق کە دەبێ زووتر مووسڵ بگیرێتەوە.

ئاماژە سەربازییەکانی ئەمەریکا ئێستا زەینیان داوەتە مووسڵ؛ هەم بۆ ڕزگارکردنەوەی مووسڵ و، هەم چۆنیەتیی ئیدارەدانی مووسڵ دوای ئازادکردنی.

بە گوێرەی مێدیاکانی ئەمەریکا لە کۆشکەسپیدا زەنگی ئازادکردنەوەی مووسڵ لێ دراوە و، حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبن لە ئازادکردنی مووسڵدا؛ بۆ چۆن‌ئیدارەدانی مووسڵی دوای نەمانی داعشیش، بەرنامە دانراوە و بەڵێنیش دراوە؛ پێدەچێ کە لەنێوان هەولێر و بەغدا ئاماژەکانی چۆنیەتیی ئیدارەدانەکە تەواو بووبێ.











KDP
Top