گوته‌بێژى عه‌بادى: كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ سه‌ركه‌وتووترین كۆبوونه‌وه‌ى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بوو

 گوته‌بێژى عه‌بادى: كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ سه‌ركه‌وتووترین كۆبوونه‌وه‌ى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بوو
گوته‌بێژى نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقی فیدڕاڵ، ئاشكراى ده‌كات، كه‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆی نێوان شاندى هه‌رێم و به‌غدا، سه‌ركه‌وتووترین كۆبوونه‌وه‌ى نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ بووه‌، چونكه‌ له‌م سه‌ردانه‌دا بارزانى سه‌رۆكایه‌تى شانده‌كه‌ى هه‌رێمى كردووه‌، ئه‌وه‌ش گرنگى خۆى هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنى كۆتایی له‌سه‌ر كێشه‌كان، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، كه‌ سه‌ردانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ورده‌كارى و چۆنێتى چاره‌سه‌ره‌كردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

سه‌عد حه‌دیسى، گوته‌بێژى نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق فیدڕاڵ، له‌ باره‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆی شاندى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى مه‌سعود بارزانى له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادى به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانى عێراق، ڕا ىگه‌یاند :" كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كێك بوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدڕاڵ، چونكه‌ له‌م سه‌ردانه‌دا به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى خودى خۆى سه‌رۆكایه‌تى شانده‌كه‌ ده‌كات و ئه‌مه‌ش گرنگى خۆى هه‌یه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ڕێككه‌وتن كراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌موو كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ شێوه‌ى یاسایی و ده‌ستوورى چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌ردوو لاش ئاماده‌ییان ده‌ربڕى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، گوتیشی :" ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ كێشه‌ى نه‌وت چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ورده‌كارى و چۆنێتى چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ نه‌كراوه‌، چونكه‌ له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ته‌نها قسه‌ له‌سه‌ر هێڵه‌ گشتییه‌كان كراوه‌، نه‌ك ورده‌كارییه‌كان".

ڕوونیشی كرده‌وه‌، كه‌ كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌مڕۆ سه‌ره‌تاى قۆناغێكى نوێیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌ردوولا نیازپاكى خۆیان خسته‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ى به‌ باشترین شێوه‌ چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان بدۆزنه‌وه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لانى عێراقدا بێت، گوتیشی :" دواتر سه‌ردانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و به‌پێی پێویست كێشه‌كان تاوتوێ ده‌كرێن و چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه‌".

سه‌عد حه‌دیسى، له‌ لێدوانه‌كه‌یدا، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو كه‌ دیار نییه‌ له‌ داهاتوودا سه‌ردانه‌كان چۆن و له‌سه‌ر چى ئاستێكدا ده‌بن، گوتیشی :" ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ عه‌بادى سه‌ردانى هه‌ولێر بكات.

له‌باره‌ى دۆخى ئه‌منى عێراق، گوتی :" ئه‌مڕۆ جه‌خت له‌سه‌ر ڕزگاركردنى موسڵ به‌ به‌شدارى هێزه‌ عێراقییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ كرایه‌وه‌، بارزانى پتشیوانى خۆى بۆ حكوومه‌ت ده‌ربڕى و ئه‌مه‌ش جێی پێزانینه‌".






باسنیوز
Top