داعش هەڕەشه له ھاوڵاتییانی مووسڵ دەکات
لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگای نەینەوا، تیرۆریستانی داعش کەوتوونەتە پاشەکشە و لەماوەی رابردووشدا چەند ناوچەیەک لەلایەن ھێزەکانی سوپای عێراق کۆنتڕۆڵ کرانەوە و گرنگترینیان گەیارە و شەڕگات بوون کە دوو ناوچەی ھەرە ستراتیجین بۆ تیرۆریستانی داعش و ھەروەھا بۆ ھێزەکانی سوپای عێراق چونکە ھەڵکەوتەی جوگرافی ئەو دوو ناوچەیە وایکردووە پشتێنەیەک بێت بۆ شاری مووسڵ کە ئێستا ئەو شارە بووەتە بنکەیەکی سەرەکی تیرۆریستانی داعش و بڕیاریشە لەناوەڕاستی مانگی داھاتوودا دەست بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو شارە بکرێت.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەعید مەموزینی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تازەترین زانیاری ناو شاری مووسڵ ئەوەیە کە تیرۆریستانی داعش بڕیارێکیان دەرکردووە لە سەرەتای مانگی داھاتوودا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، بڕیارەکەش ئەوەیە کە ھیچ کەس بۆی نییە جموجۆڵ بکات و قەدەغەی ھاتوچۆ رادەگەیەنن، ھەر کەس ھاتوچۆ بکات، گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە و داعش بە خەڵکەکەی راگەیاندووە کە ئازووقە و خۆراک ھەڵگرن و ئەمباری بکەن چونکە شەڕێکی درێژخایەن روودەدات".
ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات کە تیرۆریستانی داعش ژمارەیەکی زۆر تونێڵیان لێداوە لەناو شاری مووسڵ و ژمارەیەکی زۆریش ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان ئامادەکردووە و لەمبارەیەوە مەموزینی گوتی: "لەناو مووسڵ تیرۆریستانی داعش تونێڵی زۆریان لێداوە و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان ئامادەکردووە، ھەروەھا داعش ھەڕەشەی لە کەسوکار و خزمی ئەو پزیشکانە کردووە کە لە دەرەوەی مووسڵ دەژین و داوای کردووە ئەگەر تاوەکو دووی مانگی داھاتوو نەگەڕێنەوە شاری مووسڵ ئەوا گیانی کەسوکارەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە".
مەموزینی گوتیشی: "داعش کۆمەڵێک بڕیاری توندی لەسەر خەڵکی ناو مووسڵ داناوە و داوایان کردووە کە خەڵک ناچار بێت چەکیان بۆ ھەڵبگرێت، بەڵام خەڵکی سڤیلی مووسڵ ئەو داوایەیان رەتکردووەتەوە و بەو ھۆیەوەشەوە دوێنێ داعش ٢٨ کەسی بە تۆمەتی رەتکردنەوەی ئەو داوایە گولـلـەباران کردووە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لە گەڕەکەکانی ناو مووسڵ چەکدارانی داعش لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دەکوژرێن و پێی وایە داعش دەسەڵاتی بەسەر ھەندێک گەڕەکی ناو شاری مووسڵدا نەماوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ھەندێک گەڕەکی ناو شاری مووسڵ لە ژێر کۆنترۆڵی داعش دەرچووە بە جۆرێک کە چەکدارانی داعش دەچنە ئەو گەڕەکانە و دەکوژرێن، تاوەکو ئێستاش روون نییە کێن ئەوانەی چەکدارانی داعش دەکوژن و تا ئێستا ھیچ کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی چەکدارانی داعش سزا نەدراوە".
دوێنێ گوتەبێژی ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، جۆن دوریان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند کە بەپێی مەزەندەی ئەوان ژمارەی چەکدارانی داعش لەناو شاری مووسڵ لە ئێستادا ٣ بۆ ٥ ھەزار چەکدار دەبێت و ھاوکات ئەو بەرپرسەی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات کە بەپێی زانیارییەکان، سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا پلانێکی تازەی بۆ چەکدارانی ئەو گرووپە داڕشتووە و لەو بارەیەوە مەموزینی گوتی: "سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا پلانێکی تازەی داڕشتووە کە ئەویش ئەوەیە ئەگەر چەکدارانی ئەو رێکخراوە نەیانتوانی بەرگری بکەن ئەوا دوای خۆیان زۆرترین کوشتارگە و وێرانکاری بەجێبھێڵن و باڵەخانەکان دەرووخێنن و ھەموو شوێنەکان بۆمبڕێژ بکەن".
سەبارەت بە پاراستنی گیانی ھاووڵاتییانی ناو شاری مووسڵ لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەشدا، سەعید مەموزینی گوتی: "ھاووڵاتییانی ناو مووسڵ ژمارەیەکی زۆریان دەچنە دەرەوەی مووسڵ و چەند کامپێکیان بۆ ئامادەکراوە و بەڵام ھەموو لایەنەکان زۆر لەسەر ئەوە کۆکن کە گیانی ھاووڵاتییان پارێزراو بێت".
Payamner-
