ئەردۆغان: ١٩ى ئۆکتۆبەر ئۆپەراسیۆنى موسڵ دەستپێدەکات

ئەردۆغان: ١٩ى ئۆکتۆبەر ئۆپەراسیۆنى موسڵ دەستپێدەکات
سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى موسڵ لە ١٩ى مانگى داهاتوودا (ئۆکتۆبەر) دەستپێدەکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لەمیانى کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕەوەند و کەسایەتییەکانى تورکیا لە ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەووەى موسڵ لە ١٩ى مانگى داهاتوو دەستپێدەکات و پێویستە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە ئامادە بین.

ئەردۆغان لە وتەکەیدا ڕایگەیاندووە، بۆ ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى موسڵ هەماهەنگى و هاوکارى پێشمەرگە لەگەڵ هێزە عەرەبییەکاندا زۆر گرنگە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەى ڕابردوودا فڕۆکەکانى عێراق چەندین بڵاوکراوەیان بە سەر شارەکەدا فڕێداوەتە خوارەوە و داوایان لە خەڵک کردووە هاوکارى سوپاى عێراق بکەن و لە بنکە و پێگەکانى داعش دوورکەونەوە.

ڕۆژی١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری موسڵ و دوای پاشەکشەکردنی سوپای عێراق، توانییان کۆنترۆڵی بکەن، دواتر پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی کەوتنی موسڵ پێکهێنا.

شارى موسڵ، کە ناوەندى پارێزگاى نەینەوایە دووەم گەورە شارى عێراقە و گرنگیى ستراتیژى و ئابوورى و جیۆسیاسیى هەیە و تاوەکو ئێستا چەند جار لەلایەن بەرپرسانى هەرێمى کوردستان، هێزەکانى هاوپەیمان و بەرپرسانى عێراقەوە باس لە دانانى پلان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەى شارى موسڵ کراوە.










ئێن ئار تی
Top