داوا لە عەبادی دەکرێ رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی هەرێمی بەسرە بدات
رۆژی یەکشەممە 25ـی ئەیلوولی 2016، محەمەد تائی، پەرلەمانتاری بەسرە لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە داوایەکی ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە بۆ دامەزراندنی هەرێمی بەسرە.
محەمەد تائی پێیوایە ئیدی پێویست بووە لەسەر حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆکاری جێبەجێ نەکردنی یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2008 روون بکاتەوە، کە رێگا بە پارێزگایەک یاخود چەند پارێزگایەکی عێراق دەدات، هەرێمێکی فیدڕالیی رابگەیەنن.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کردووە، کە حەیدەر عەبادی ناتوانێ خۆی لە واژۆی 60 هەزار هاووڵاتیی و دەنگدەری بەسرە ببوێرێت، کە داوای دامەزراندنی هەرێمی بەسرەیان کردووە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش رەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی راپرسی بۆ بەهەرمێکردنی بەسرە نیشانداوە.
محەمەد تائی دوو هەڵبژاردەی خستووەتە بەردەست، یان عەبادی رەزامەندیی بدات و دەست بکرێ بە دەنگدان لەسەر پرۆژەی بەهەرێمکردنی بەسرە، یاخود رەتی بکاتەوە، تاوەکو خەڵکی بەسرە پەنا بۆ دادگای ئیتیحادی ببەن، بۆ بە دەستهێنانی ئەو مافە دەستوورییەی خۆیان.
دوای پەسەندکردنی دەستووری عێراق لەساڵی 2005 لەلایەن گەلی عێراقەوە، هاووڵاتییانی بەسرە داوا دەکەن پارێزگاکەیان هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، ببێتە هەرێمێکی فیدڕالی.
باسنيوز
