نزیکەی 100 حزب بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن

 نزیکەی 100 حزب بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن
نزیکەی 100 حزب و لایەنی سیاسی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ناونووس دەکەن.

رۆژی یەکشەممە 25ـی ئەیلوولی 2016، گاتع زەوبەعی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، کە 43 حزب بۆ یەکەمجار خۆیان ناونووس کردووە و دەیانەوێ بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن.

گاتع زەوبەعی لە لێدوانەکەیدا، کە ماڵپەڕی فەرمیی کۆمیسیۆنەکەی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، 56 حزب و لایەنی سیاسی، کە پێشتر بەشداریی هەڵبژاردنەکانیان کردووە، خۆیان لە کۆمیسیۆن ناونووس کردووەتەوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، ماوەیەکی کەم ماوە بۆ خۆتۆمارکردنی حزب و لایەنە سیاسییەکان و پێویستە بە زووترین کات نوێنەرانیان سەردانی کۆمیسۆن بکەن.

بڕیارە لە مانگی نیسانی 2017، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت.













باسنيوز
Top