ئۆباما بە ڤیتۆ پرۆژە یاسایەک لە دژی سعودیە رەت دەکاتەوە
رۆژی هەینی 23ـی ئەیلوولی 2016، باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ 11مین جار لە مێژووی سەرۆکایەتیی خۆیدا (2009ـەوە تاوەکو ئێستا)، ڤیتۆی بەکارهێنا.
پرۆژە یاسای جێبەجێ کردنی دادوەری لە دژی پشتگیریکارانی کردە تیرۆریستییەکان (جاستا) لەلایەن ئەندامانی پارتی کۆماری لە کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادە کراوە، بۆ سزادانی ئەو وڵاتانەی پشتگیریی تیرۆر دەکەن و لە پرۆژەکەدا، ناوی سعودیە هێنراوە.
باراک ئۆباما پێیوایە ئەو پرۆژە یاسایە ژمارەی دوژمنەکانی ئەمریکا زیاد دەکات، بۆیە ڤیتۆی بەکارهێناوە و پرۆژە یاساکەی رەت کردووەتەوە.
دوای ناردنی پرۆژە یاساکان بۆ کۆشکی سپی، سەرۆکی ئەمریکا مافی ڤیتۆ واتا رەت کردنەوەی هەیە و تەنها لە ئەگەری ناڕازیبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی کۆنگرێس لەسەر ڤیتۆکەی سەرۆک، پرۆژە یاساکە دەبێتە یاسا.
پێشتر سعودیە هەڕەشەی لە ئەمریکا کردبوو، کە ئەگەر ئەو پرۆژە یاسایە پەسەند بکرێت، ئەوا پشکەکانی لە خەزێنەی ئەمریکا دەکشێنێتەوە، کە بەهاکەیان 750 ملیار دۆلارە.
باسنیوز
