شارۆچکەی شەرگات بە تەواوی رزگار کرایەوە
رۆژی سێشەممە 20ـی ئەیلوولی 2016، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی شارۆچکەی شەرگاتی راگەیاند.
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی چوارشەممە 21ـی ئەیلوولی 2016، هێزە عێراقییەکان توانیانە بچنە ناو شارۆچکەکە و شکست بە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش بهێنن و سەرچاوە مەیدانییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە شەرگات بە تەواوی رزگار کراوەتەوە.
چەکدارانی داعش لە هەموو بەرەکانەوە ورەیان رووخاوە و هەر لە رۆژی سێشەممەش، سەرکردە و چەکدارەکانی داعش لە شەرگات و دەوروبەری، خێزان و منداڵەکانیان ناردووەتە مووسڵ.
شارۆچکەی شەرگات، کە دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک، دوایین ناوچە بوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، کە لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعشدا بوو.
دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.
باسنيوز
