گوتەبێژی پارێزگای سەڵاحەدین: لە ماوەی 48 كاتژمێردا شرگات كۆنتڕۆڵ دەكرێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 20/9/2016، جەمال عەگاب، گوتەبێژی پارێزگای سەڵاحەدین، ڕایگەیاند: "هێزە تەناهییەكانی عێراق، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای شرگاتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینیان دەست پێ كرد و لە ماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا، شارۆچكەكە لەدەستی تیرۆریستانی داعش كۆنتڕۆڵ دەكەنەوە".
گوتەبێژەكەی پارێزگاری سەڵاحەدین، گوتیشی" ئێستاش هێزە تەناهییەكان لە پێشڕەوی بەردەوام دان و تاكوو ئێستا هەشت گوندی دەوروبەری شارۆچكەكەیان كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە و چەكدارە تیرۆریستەكانیش، خەریكە بەتەواوەتی لە سنووری شارۆچكەی شرگات پاشەكشە دەكەن".
شارۆچكەی شرگات، یەكێكە لە شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین و وەك یەكێك لە ناوچەكانی ئەو پارێزگایە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدا ماوەتەوە و ئێستاش هێزە تەناهییەكانی عێراق پرۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شەرگاتیان دەست پێ كردووە.
باسنیوز
