ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستاندا دەستی بە مانگرتن کرد

 	 ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستاندا دەستی بە مانگرتن کرد
بەرپرسی نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی سووریا لەھەرێمی کوردستان دەڵێ، لە بەرانبەر ئازادنەکردنی سەرکردە و ئەندامانیان و رەفتارە نابەجێییەکانی پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستاندا، لە سەرجەم نووسینگەکانی خۆجێیی رۆژئاوای کوردستان ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد مانگرتنیان راگەیاند.

بەرپرسی نووسینگەی ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سووریا لە ھەرێمی کوردستان (نەواف رەشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: پەیەدە لەرۆژئاوای کوردستاندا بەردەوامە لە گرتن و بردنی گەنجان بۆ بەرەی شەڕ و رەفتاری نابەجێیان بەرانبەر دەکات بەتایبەت بەرانبەر ئەندامانی ئەنەکەسە؛ بۆیە لەیەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە سەرجەم نووسینگەکانی خۆجێیی ئەنجوومەن لە رۆژئاوای کوردستاندا دەستکراوە بە مانگرتن لە خواردن و تا ئێستاکەیش مانگرتنەکە درێژەی هەیە.

(نەواف رەشید) گوتیشی، پێوەندیمان بە ئەندامانی مانگرتوو کردووە ورەیان زۆر بەرزە و دەستبەجێ داوای ئازادکردنی سەرکردەکانی ئەنەکەسە دەکەن کە پەیەدە دەستگیری کردوون و داوایش دەکەن کە پەیەدە واز لەو رەفتارە ناشیاوانە بێنێ کە دەرهەق بە کوردانی رۆژئاوا دەیکات.
PDK_
Top