ژنە پەرلەمانتارێک: ئەمریکا هەوڵ بۆ سڕینەوەی نەخشەی عێراق دەدات
رۆژی یەکشەممە 11ـی ئەیلوولی 2016، فیردەوس عەوادی، ژنە پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکا هەوڵ دەدەن پرۆژەی جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ دابەشکردنی عێراق، جێبەجێ بکەن.
فیردەوس عەوادی پێیوایە قۆناغی یەکەمی دابەشکردنەکە بە گوتەی دیموکرات و کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا دەستی پێکردووە، کە داوای دامەزراندنی پارێزگای دەشتی نەینەوایان بۆ ”پارێزگاری لە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان“ کردووە.
ئەو ژنە پەرلەمانتارە باسی هۆشداریی داوەتە سەرکردەکانی عێراق، بەوەی ئەمریکییەکان بەم هەنگاوەیان رێگا بۆ دروستبوونی چەندین کانتۆنی نەتەوەیی و تائیفی لە عێراق خۆش دەکەن، کە مافی دیاریکردنی چارەنووسیشیان پێدەدات و دواجار دەبنە هۆی ”دابەشبوون و سڕانەوەی نەخشەی عێراق لەسەر نەخشەی گۆی زەوی“.
دوای دروستبوون و تەشەنە سەندنی ناکۆکییە تائیفییەکان لە عێراق، جۆ بایدن پێشنیاز دابەشکردنی عێراقی بۆ سەر سێ دەوڵەتی فیدڕالیی کورد، سوننە و شیعە کرد، بەڵام جگە لە کورد، هەردوو پێکهاتەکەی دیکە رەتیان کردەوە.
دوای هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش، کە لە مانگی حوزەیرانی 2014 هەرەسی بە سوپای عێراقی هێنا و پارێزگا سوننەنشینەکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباری داگیر کرد، هاووڵاتی و لایەنە سوننەکانی عێراق لە هەڵوێستەکەیان پەشیمان بوونەتەوە و داوای دروست کردنی هەرێم بۆ ناوچە سوننییەکان دەکەن.
باسنيوز
