شیعەی عێراق تۆمەتی سیخوری دەدەنە پاڵ باڵیۆزی سعودیە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە فەرمی داوای لە سعودییە کردبوو باڵیۆزەکەی بگۆڕێت، بەوەش جارێكی دیکە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ریاز و بەغدا ئاڵۆزییان تێکەوتەوە.
سامر سەبهان لەماوەیەکی کەمدا توانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ریاز لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان فراوان بکات، بەڵام هەرزوو لە لایەن هاوپەیمانی شیعەکان تۆمەتی سیخوڕیکردن و دەستتێوەردان لە کاروباری نێوخۆی عێراق خرایەپاڵی.
خەڵەف عەبدولسەمەد، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بۆ رووداو دەڵێت "باڵیۆزی سعودیە باڵیۆزێکی دیپلۆماسی نەبوو بەڵکو پیاوێکی موخابەراتی بوو و دەستتێوەردانی لە کاروباری ئەمنی نێوخۆی عێراق دەکرد بە رێگەی کارە دیپلۆماسییەکانی. هەر کەسێک بێتە شوێنەکەی دەبێت پابەندی رەوشتە دیپلۆماسییەکان بێت، ئەگەر بێت و کەسێکی موخابەراتی بێت و هەوڵی دروستکردنی فیتنە لە عێراق بدات، ئەوە جێگای قبوڵکردن نییە".
سوننەکانی عێراق ئەو تۆمەتانەی خراوەتەپاڵ سامر سەبهان بەبێ بنەما ناوی دەبەن و دەڵێن، دژایەتیکردنی باڵیۆزی سعودیە لە بەغدا لە لایەن شیعەکانەوە فشاری سیاسیی ئێرانی لە پشتەوەیە.
جەمیلە عوبەیدی، پەرلەمانتار لە یەکێتی هێزە سوننەکان بۆ رووداو دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە کە دەست لە کاروباری نێوخۆی عێراق وەردەدەن وەکو یەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، نەوەک بە تەنیا هەڵوێستێکی لەو جۆرە لەگەڵ وڵاتێکی دیاریکراو ببینرێت، چونکە ئەگەر مامەڵەیەکی تاکڕەوانە بکرێت ئەوا ئاراستەکە جیاوازی نیشاندەدات و ناتوانین بەو شێوەیە پارێزگاری لە سیاسەتی وڵاتمان بکەین".
فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ریاز و بەغدا دەکات.
تارق گەردی، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێت "کارێکی باش نییە لە دیپلۆماسییەتدا بەو شێوەیە مامەڵە بکەین، چونکە ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ هەموو دراوسێکانی عێراق سیاسەتێکی نێوەندگیر و هێمنانە بەکاربێنین بۆ ئەوەی ئەو کێشە و ناکۆکیانە کە هەمانە لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر، بەتایبەتی پرسی داعش هەموومان پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بین".
تاوەكو ئێستا دیار نییە سعودیە جارێکی دیکە باڵیۆزی خۆی دەنێرێتەوە بۆ بەغدا یان دووبارە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق دەپچڕێنن.
rudaw -
