عەمار حەکیم: حەشدی شەعبی هیچ پێشێلکارییەک ئەنجام نادات

 عەمار حەکیم: حەشدی شەعبی هیچ پێشێلکارییەک ئەنجام نادات
بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکان رایدەگەیەنێت، کە چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هیچ پێشێلکارییەک ئەنجام نادەن و نموونە بە شارۆچکەی تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا دەهێنێتەوە.

سەڵاح عەرباوی، بەڕێوەبەری نووسینگەی عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکان لە زاری حەکیمەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە پێویستە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب هاوشانی هەموو هیزە عێراقییەکان بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ بکەن.

سەڵاح عەرباوی ئاماژەی بەوەش کردووە، عەمار حەکیم، کە هاوکات سەرۆکی حزبی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراقییە رایگەیاندووە، زیاتر لە شەش هەزار چەکداری حەشدی شەعبی لە شارۆچکەی تەلەعفەرن و ”هیچ پێشێلکاریی و سنووربەزاندنێکیان ئەنجام نەداوە“.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.

چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.

پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.






باسنيوز
Top